دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

پوتین مەرجە توندەکانی مۆسکۆ بۆ ئاشتی دەسەپێنێت: جێگیرکردنی هێزی بیانی لە ئۆکرانیا وەک «ئامانجێکی ڕەوا» دەبینرێت

ھەرێم نیوز

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیـا، ڕۆژی پێنجشەممە جارێکی دیکە جەختی لەسەر داواکارییەکانی مۆسکۆ کردەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوی ئەو چوار ناوچە ئۆکرانییەی کە ڕووسیا ڕایگەیاندووە خستیونەتە سەر خاکی خۆی، هەروەها ڕەتیکردەوە هێزی بیانی بۆ پاراستنی ئاشتی لە ئۆکرانیا جێگیر بکرێت.

پوتین لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی کرێملین لەگەڵ ستێڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نوێنەرانی تایبەتی دوناڵد ترەمپ، پێشنیاری ئاگربەستێکی کورتخایەنی کرد بۆ دەرکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شاری کۆستیانتینیڤکا لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.

دوای کۆبوونەوەکە، دوو نوێنەرە ئەمریکییەکە کرێملینیان بەجێهێشت و بڕیارە بەرەو دوبلین بڕۆن، بۆ ئەوەی ئەنجامی دیدارەکەیان لەگەڵ پوتین بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، بگەیەنن.

 

ئەم دیدارە دوای خولی دوو ڕۆژەی گفتوگۆ لە ئەبووزەبی هات، کە بە ڕێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕێکی بەرفراوانی دیلانی جەنگ کۆتایی هات.

سەرۆکی ڕووسیا پێشنیارەکانی دانانی ناوچەی حائل یان ناوچەی بێچەک لە نێوان هێزەکانی دوو لا ڕەتکردەوە و گوتی: «بۆ ئێمە تەنیا یەک هێڵی جیاکەرەوە هەیە، ئەویش سنووری دەوڵەتە».

هەروەها ئاگاداری دا کە جێگیرکردنی هێزی بیانی لە ئۆکرانیا دوای هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتی، لە ڕوانگەی مۆسکۆوە بە مانای بەردەوامبوونی جەنگە و ئەو هێزانەی وەک «ئامانجێکی ڕەوا» مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.

پوتین ئاماژەی بەوەش کرد کە نزیکەی ٤٠٠ تا ٥٠٠ هاووڵاتیی مەدەنی هێشتا لە شاری کۆستیانتینیڤکا ماونەتەوە، لە کاتێکدا شەڕ لەو ناوچەیە بەردەوامە.

 

بۆیە پێشنیاری ئۆپەراسیۆنێکی مرۆیی کرد بۆ دەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، بە هاوشێوەی ئەوەی مانگی ڕابردوو لە شاری ئۆلیشکی لە باشووری ئۆکرانیا ئەنجام درا.

لە لایەکی دیکەوە، ویتکۆف و کوشنەر داوایان لە پوتین کرد نوێنەرانی ئەورووپا لە خولی داهاتووی گفتوگۆکاندا بەشدار بکات.

 

لە دبلینیش، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، بانگەوازی بۆ گەیشتن بە «دیدێکی ڕوون و یەکگرتوو» کرد لەبارەی ئەوەی ئەورووپا لە گفتوگۆکانی ئاشتی چیدەوێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP