دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕووسیا هۆشداری بە ئەوروپا دەدات: ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مۆسکۆ مەترسیدارە

هەرێم نیوز

نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداری بە سیاسەتمەدارانی ئەوروپا داوە لەبارەی ئەنجامەکانی ئامادەکاری بۆ شەڕ لەگەڵ ڕووسیا، و جەختی کردووەتەوە کە مۆسکۆ بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی لەگەڵ ئەوروپادا ناگەڕێت.

نوێنەری ڕووسیا لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ڕۆژی ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦ بۆ باسکردنی دۆخی ئۆکرانیا بەڕێوەچوو، وتوویەتی یەکێتیی ئەوروپا لەژێر کاریگەریی دژایەتییەکەی بەرامبەر ڕووسیا، عەقڵی سەلیم و لێکدانەوەی دروستی لەدەست داوە.

ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی بروکسل چیتر ناتوانن جیاوازی لەنێوان دیپلۆماسی و ماجەراجوویی سەربازیدا بکەن.

نوێنەری ڕووسیا جەختی کردووەتەوە کە وڵاتەکەی نیازی پێکدادانی چەکداری لەگەڵ ئەوروپا نییە، بەڵام هۆشداری داوە کە ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا دەست بە هەڵگیرساندنی شەڕ بکەن، ڕووداوەکان دەتوانن بە خێرایی ئاراستەیەکی تر وەربگرن. ئەو داوای لە سیاسەتمەدارانی ئەوروپا کردووە کە عەواقبی ئەم ڕێگایە بە باشی هەڵبسەنگێنن.

هەروەها ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ بە ڕاگرتنی کاتیی شەڕی ئۆکرانیا بە شێوەیەک کە هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی ڕووسیا بەردەوام بن، ڕازی نابێت و لە بنەماکانی خۆی پاشەکشە ناکات. ئەو ڕەخنەی لە ڕۆڵی ڕۆژئاوا گرتووە و تۆمەتی داوە کە لەبری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر، هەوڵی بەردەوامیی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دەدات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەری ڕووسیا حکومەتە ئەورووپییەکانی تۆمەتبار کردووە بە پشتگوێخستنی کێشەکانی گەندەڵی لە ئۆکرانیا و بەردەوامبوون لە دابینکردنی پارە و چەک بۆ کییڤ. ئەو هەروەها وتوویەتی کە ئەورووپییە ئاساییەکان دەستیان کردووە بە تێگەیشتن لەوەی چۆن ساڵانێکە بە هەڕەشەیەکی بەناو لە ڕۆژهەڵاتەوە ترساون.

لە هەمان کاتدا، ئاماژەی بە کاریگەریی ئابووریی پچڕاندنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکان لەگەڵ مۆسکۆ و پشتگیریی ئۆکرانیا کردووە، کە بە وتەی ئەو، بارگرانیی زیاتر خستووەتە سەر هاووڵاتیانی ئەوروپا.

نوێنەری ڕووسیا لەبارەی گەندەڵی لە ئۆکرانیاشەوە ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەکانی ئۆپەراسیۆنی «کارتاژ» کردووە، کە بەرپرسانی ئاسایش و دادوەری و پۆلیسی نیشتمانیی ئۆکرانیای گرتووەتەوە. لە پەیوەندی بەو کەیسەوە، دەزگای نیشتمانی دژەگەندەڵی و دادستانیی تایبەتی ئۆکرانیا ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم ڕایانگەیاندووە تۆڕێکی لانیکەم ١٢ کەسییان ئاشکرا کردووە و ڕۆژی ٥ی هەمان مانگیش تۆمەتیان ئاراستەی پێنج گومانلێکراو کردووە، کە لەنێویاندا بەرپرسانی ئاسایش هەن.

لە لایەکی دیکەوە، کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم ڕایگەیاندووە کە بڕی ٤.٣٦ ملیار یۆرۆی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە؛ لەو بڕەدا ٣.٧ ملیار یۆرۆ بۆ پشتگیریی بودجە و ٦٥٨ ملیۆن یۆرۆش بۆ پێداویستییە بەرگرییەکان تەرخان کراوە.

ئەم هۆشدارییانە لە کاتێکدا دەردەچن کە چاوەڕوان دەکرێت نوێنەرانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ناوبژیوانیی ئەمریکا، ڕۆژانی ١٠ و ١١ی تشرینی دووەم لە ئەبو زەبی کۆببنەوە. کرێملین پشتڕاستی کردووەتەوە کە گفتوگۆکان بە شێوەی سێلایەنە بەڕێوە دەچن، لە کاتێکدا ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەوروپای لە ئەبو زەبی ڕاگەیاندووە، بەبێ ئەوەی بەشدارییان لە دانیشتنە ڕاستەوخۆکانی گفتوگۆکان پشتڕاستکرابێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP