هەرێم نیوز
لە کاتێکدا نیشانەکانی پێشکەوتن لە گفتوگۆکانی نێوان واشنتن و تاراندا دەردەکەون، سەرۆکی ئەمریکا، دونالد ترەمپ، ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێرانی بە ئەگەریەکی زۆر دوور وەسف کردووە؛ بەڵام لە بەرامبەردا، ئێران ئاماژەی بە وەستانی جووڵەی ناوبژیوانەکان کردووە، ئەمەش پرسیاری زیاتر لەسەر چارەنووسی قۆناغی داهاتووی ملمڵانێی نێوان دوو لایەن دروست کردووە.
بەپێی ئەوەی تۆڕی «سیئێنئێن» لە ئەنجامی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ ڕاپۆرتی کردووە، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تا ئەو کاتەی گفتوگۆکان بەرەو پێشەوە دەچن و پێشکەوتن تۆمار دەکەن، زۆر ئەگەری دوورە فەرمانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران بدات.
لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە کە جووڵەی ناوبژیوانەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لە نێوان ئێران و ئەمریکا، چەند ڕۆژێکە وەستاوە.
عێراقچی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران وتوویەتی، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و سەرکەوتنی گەورەی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس، شۆکێکی دروست کردووە و پێویستە ماوەیەک تێپەڕێت تا بارودۆخ بۆ دەستپێکردنەوەی جووڵەی ناوبژیوانەکان گونجاو بێت.
لە هەمان کاتدا، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتس، ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی هێشتا ئەرکی خۆی لە ئێران تەواو نەکردووە.
کاتس جارێکی دیکە ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ناوکی، تۆمەتێک کە تاران بەردەوام ڕەتی دەکاتەوە. ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران هەوڵ دەدات پرۆژەی ناوکیی خۆی دەستپێبکاتەوە و ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل دروست دەکات.
ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە
لە لایەکی دیکەوە، هێشتا ڕوون نییە کە ترامپ تا چەند ئامادەیە بڕیاری هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران بدات، بە تایبەتی دوای ئەوەی حیزبی کۆماری لە هەڵبژاردنە ناوەڕاستەکانی ئەمریکادا شکستی گەورەی هێناوە.
بەرپرسانی ئەمریکایی، لەوانەش خودی ترەمپ، دان بەوەدا دەنێن کە جەنگی ئێران و کاریگەرییەکانی ڕۆڵێکی گرنگیان لە شکستی هەڵبژاردنی حیزبی کۆماری هەبووە.
هەروەها کەناڵی ١٢ی ئیسرائیل ڕاپۆرتی کردووە کە نەتانیاهۆ و دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی ئیسرائیل «مۆساد»، هەوڵیان داوە پێش هەڵبژاردنەکانی کنیسێت هێرشێک بۆ سەر ئێران ئەنجام بدەن، بەڵام واشنتن ئاگاداری ئەو پلانە بووە و ڕێگری لێکردووە.
وەستانی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر دوای هێرشی درۆن
لە عێراقیشدا، دوای هێرشێکی درۆن، بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر، کە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگەکانی گازی هەرێمی کوردستان، وەستاوە.
بەپێی زانیارییەکانی دوو سەرچاوەی ئەمنی کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، دوای هێرشەکە دووکەڵێکی زۆر لە ناو کێڵگەکەوە بەرز بووەتەوە.
ئەندازیارێکیش کە لە شوێنەکە کار دەکات، وتوویەتی هێرشەکە کەوتووەتە سەر دامەزراوەیەکی هەڵگرتنی گاز و بەهۆی ترسی دووبارەبوونەوەی هێرشەکە، داوا لە هەموو کارمەندان کراوە بچنە شوێنی پارێزراو و خۆیان لە مەترسییەکە بپارێزن.
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ئەم هێرشەوە نزیکەی ٢٥٠٠ تا ٢٨٠٠ مێگاوات لە وزەی کارەبا لە تۆڕی کارەبای هەرێم کەم بووەتەوە.
هەروەها گەیاندنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، سلێمانی، بازیان، جەمجەماڵ و دهۆک ڕاگیراوە.
وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاندووە بۆ ڕێگریکردن لە پچڕانی کارەبا لە شوێنە گرنگەکان وەک نەخۆشخانەکان و وێستگەکانی ئاو، وێستگەکانی کەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان و ئەو وێستگانەی کە بە جۆرێکی دیکەی سووتەمەنی کار دەکەن، بەکار دەهێنرێن.
ئاگرکەوتنەوە لە سێ کەشتی نەوت لە تەنگەی هۆرمز
لە هەمان کاتدا، میدیای ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە کە تەقینەوەکانی شەوی شەممە لە باشووری ئێران، پەیوەندییان بە چالاکییە سەربازییەکانی ئێرانەوە هەبووە، نەک هێرشی ئەمریکا.
تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاندووە لە چەند ناوچەیەکی باشووری وڵات، لەوانەش دوورگەی قەشم لە نزیک تەنگەی هۆرمز، دەنگی تەقینەوە بیستراوە؛ بەڵام بەرپرسانی فەرمی پشتڕاستیان نەکردووەتەوە کە هێرشی مووشەکی لەسەر خاکی ئێران ڕوویدابێت.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندووە کە سێ کەشتی نەوت لە تەنگەی هۆرمز تەقیونەتەوە و ئاگریان تێبەربووە.
سوپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا وتوویەتی ئەو سێ کەشتییە بەهۆی ئەوەی لەو ڕێڕەوەیەوە دەڕۆیشتن کە ئێران بە نایاسایی دەزانێت، تووشی تەقینەوە و ئاگربوونەتەوە.
بەڵام تا ئێستا ناو و نەتەوەی خاوەنەکانی ئەو کەشتییانە ئاشکرا نەکراوە.
هەروەها ئاژانسی هەواڵی ئیمارات «وام» ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی پاسەوانی کەناراوەی ئیمارات ٢٢ کەسیان لە نەتەوە عەرەبییەکان ڕزگار کردووە، دوای ئەوەی کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای عومان تووشی ئاگربوونەوە بووە.
ئەمریکا داوای داخستنی زۆربەی سنوورەکانی عێراق لەگەڵ ئێران دەکات
لە پەرەسەندنییەکی دیکەدا، فؤاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ئاشکرای کردووە کە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە عێراق کردووە هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران دابخات، جگە لە دوو دەروازەی سنووری.
فؤاد حوسێن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «ئەڵجەزیرە»ی قەتەر وتوویەتی، داخستنی هەموو ئەو دەروازانە کارێکی ئاسان نییە و کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی عێراق دادەنێت.
ئەو ئاشکرای کردووە کە یەکێک لەو دوو دەروازەیە لە هەرێمی کوردستانە و گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکایی بەردەوامن.
عێراق مانگی ڕابردوو دەروازەی سنووریی شێب لەگەڵ ئێرانی داخستبوو، بە مەبەستی پێداچوونەوە بە ڕێکارە ئەمنییەکان و دانانی ئامێری پشکنین بۆ دۆزینەوە و ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی.
ئەمریکا هێزی «دەروازەی ئاسنین» پێکدەهێنێت
لە هەمان چوارچێوەدا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا «سێنتکۆم» ڕایگەیاندووە کە هێزێکی تایبەت بە ناوی «دەروازەی ئاسنین» پێکدەهێنێت، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە گەیاندنی چەکی پێشکەوتوو و کەرەستەی قەدەغەکراو بۆ ئێران، لە ڕێگەی ڕێڕەوە بازرگانییە وشکانییەکان و دەریای قەزوین.
بەپێی ڕاگەیاندنی سێنتکۆم، ئەم هێزە نزیکەی ٢٠ کەسی سەربازی و مەدەنی لەخۆ دەگرێت و لە فلۆریدا جێگیر دەبێت.
ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزە ڕێگریکردنە لە گواستنەوەی چەکی پێشکەوتوو، تەکنەلۆژیای دووانە بەکارهێنان، کەرەستەی خراوەتە ژێر سزا و سەرچاوە داراییە نایاساییەکان بۆ ناو ئێران.
لە بەرامبەردا، حوسێن محەبی،
وتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا ناتوانێت بەو ڕێکارانە ئابووریی ئێران تێکبشکێنێت یان ڕێگاکانی بازرگانیی وڵاتەکە دابخات.
ئەو وتوویەتی ئێران پێشتر خۆی بۆ ئەم بارودۆخە ئامادە کردووە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێزن.
بەپێی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، لە ئەنجامی گەمارۆی دەریاییەوە کە لە نیسانی ٢٠٢٦ دەستی پێکردووە، ڕێگری لە هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بە بەهای زیاتر لە ٢٥ ملیار دۆلار کراوە.
دۆخی ناوچەکە لە نێوان دیپلۆماسی و فشارە سەربازییەکاندا
بە گشتی، لە کاتێکدا ترامپ ئاماژە بە پێشکەوتنی گفتوگۆکان و دووربوونەوەی ئەگەری هێرشێکی نوێ دەکات، هەڵوێستی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی فشارە ئابوورییەکانی واشنتن لەسەر تاران، نیشانەی ئەوەن کە ناکۆکییەکانی نێوان دوو لایەن هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەبوون.
لە هەمان کاتدا، ڕووداوەکانی تەنگەی هۆرمز، هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر و پلانە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سنووردارکردنی بازرگانیی ئێران، ئەوە دەردەخەن کە کاریگەرییەکانی ئەم ملمڵانێیە هێشتا لەسەر ئاستی ناوچەکە بەردەوامە.