دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

سنوورەکانی سووریا لە ژێر هەڕەشەیە؛ ئایا ئێران لە ڕێگەی حزبوڵڵاوە فشار لەسەر دیمەشق زیاد دەکات؟

هەرێم نیوز

پسپۆڕانی ئەمنی و سەربازی ئاگاداری دەدەن لەوەی کە هەڵسوکەوتەکانی تۆڕەکانی قاچاخ و جووڵەکانی حزبوڵڵا لە سنوورەکان، دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاڵۆزییە ئەمنییەکان لە سووریا.

لە کاتێکدا حکومەتی سووریا هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکات، ڕووداوە ئەمنییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو نیگەرانییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی مەترسییەکان لە سنوورەکانی سووریا، بە تایبەتی لەگەڵ لوبنان و عێراق، زیاتر کردووە.

دوای ئەوەی هێزەکانی پاراستنی سنووری وەزارەتی بەرگریی سووریا شەوی هەینی بۆ شەممە، هەوڵێکی گەورەی قاچاخکردنی ماددەی هۆشبەریان لە ناوچەی سەرغایا لە ڕیفی دیمەشق پووچەڵ کردەوە، گفتوگۆ لەبارەی مەترسییە ئەمنییەکانی سنوورەکان گەرمتر بووە.

بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی سووریا، قاچاخچییەکان لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا تەقەیان لە هێزەکانی پاراستنی سنوور کردووە، بەڵام هێزەکان وەڵامی تەقەکانیان داوەتەوە و قاچاخچییەکان بەرەو خاکی لوبنان هەڵاتوون.

لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا ٢٨٠ کیلۆگرام ماددەی حەشیش و ٢٨ هەزار حەبی کەپتاگۆن دەستی بەسەرداگیراوە.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕوویداوە کە چەند ڕۆژێک پێشتر هێزەکانی سووریا خانەیەکیان دەستگیر کردبوو کە بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر پاڵاوگەی نەوتی حومس لەژێر چاودێری بوو. لەلایەنەوە، دەسەڵاتدارانی سووریا ئەو خانەیەیان بە پەیوەندی بە حیزبوڵڵای لوبنانەوە تۆمەتبار کرد، بەڵام حزبوڵڵا ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە.

ناڕەزایی ئێران و جووڵەکانی حزبوڵڵا

پسپۆڕی ئەمنی، زیاء قەدور، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط» ئاگاداری لە زیادبوونی هەڵسوکەوتە توندوتیژەکانی حزبوڵڵا لە ناو سووریا داوە و پێیوایە ناوچە سنوورییەکان لە ئێستادا لە بارودۆخێکی هەستیار و مەترسیداردان.

لە هەمان کاتدا، پسپۆڕی کاروباری سەربازی، ڕەشید حۆرانی، پەیوەندییەکی لە نێوان جووڵەکانی سنوورەکانی سووریا لەگەڵ لوبنان و عێراق و ناڕەزایی ئێران لە سیاسەتەکانی حکومەتی نوێی سووریا دەبینێت.

بەپێی لێکدانەوەی ئەو پسپۆڕە، تاران لە هەوڵەکانی دیمەشق بۆ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و کەمکردنەوەی چاڵاکییەکانی قاچاخ ناڕازییە، بە تایبەتی لەگەڵ ئەوەی سووریا لە ماوەی ڕابردوودا باسی بەشداری لە ڕێککەوتنی مەککە و پشتیوانی لە عەرەبستانی سعودی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان کردووە.

حۆرانی پێیوایە ئێران لە ڕێگەی حزبوڵڵا هەوڵ دەدات فشار لەسەر حکومەتی سووریا دروست بکات، بە تایبەتی لە کاتێکدا ڕۆڵی حزبوڵڵا لە ناوچەکەدا بەراورد بە ڕابردوو کەمتر بووەتەوە.

دیمەشق لەدوای هاوکارییە ئەمنییەکانە

لە بەرامبەردا، حکومەتی سووریا هەوڵ دەدات پەیوەندی و هاوکارییە ئەمنییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێز بکات و ڕێگری لە چالاکیی تۆڕەکانی قاچاخ و بەکارهێنانی دەروازە سنوورییە نایاساییەکان بکات.

پرسی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان یەکێک بووە لە بابەتە سەرەکییەکانی دیداری سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، لەگەڵ بەرپرسانی سووریا لە ٢٨ی ئۆکتۆبەر، هەروەها لە دیداری وەفدی حکومەتی لوبنان بە سەرۆکایەتی تارق میتری لە دیمەشق لە دووی مانگی جاریشدا ئەم بابەتە شوێنێکی گرنگی هەبووە.

پسپۆڕانی ئەمنی ئاماژە بەوە دەکەن کە سنووری سووریا و لوبنان بەهۆی سروشتی ناوچە شاخاوییەکان و بوونی ڕێگاکانی قاچاخ، زیاتر لە مەترسیدایە؛ لە کاتێکدا سنووری سووریا و عێراق بەهۆی دروستکردنی دیوار و هەڵکەندنی خەندەق تا ڕادەیەک پارێزراوترە. هەروەها هاوکارییە ئەمنییەکانی سووریا و ئوردنیش بەشێوەیەکی چالاک بەردەوامە.

مەترسییەکان تا چەندە جدییە؟

بەپێی هەڵسەنگاندنی زیاء قەدور، ئاستی مەترسییەکانی سنوورەکانی سووریا لە ماوەی نزیکدا لە ئاستی مامناوەند بۆ بەرز دەبێت، بەڵام ئەگەر هەوڵە ئەمنییەکانی ئێستا بەردەوام بن، ئەو مەترسییانە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێن.

ئەو پسپۆڕە پێیوایە مەترسیی سەرەکی لە سنووری لوبنانەوە پەیوەندی بە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان و تۆڕەکانی قاچاخەوە هەیە، بە تایبەتی ئەو تۆڕانەی کە لە ڕابردوودا پەیوەندییان بە ڕژێمی پێشووی سووریا و حزبوڵڵاوە هەبووە.

لە کۆتاییدا، پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە دیمەشق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییانە پێویستی بە زیاترکردنی کۆنترۆڵی حکومەت بەسەر دەروازە نایاساییەکان، گۆڕینەوەی زانیارییە ئەمنییەکان و بەدواداچوونی تۆڕەکانی قاچاخ هەیە، بۆ ئەوەی سنوورەکان نەبنە سەرچاوەیەکی بەردەوامی نائارامی و ئاڵۆزی لە سووریا و وڵاتانی دراوسێ.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP