دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

کۆمپانیایەکی ئەڵمانی چەکێکی ئاسمانی بە مەودای بێسنوور پەرە پێدەدات

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی بەریتانی «تایمز» ئاشکرای دەکات کە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیی ئەڵمانی بە نهێنی لەسەر پڕۆژەی چەکێکی ئاسمانی کار دەکات کە توانای گەیشتن بە هەر شوێنێکی جیهانی هەیە؛ بەڵام پڕۆژەکە هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانی پەرەپێداندایە و ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی تەکنیکی، یاسایی و سیاسی دەبێتەوە.

  ڕۆژنامەی بەریتانی «تایمز» ڕاپۆرتی داوە کە کۆمپانیای تەکنەلۆژیی ئەڵمانی «ئەتمۆس سپەیس کارگۆ» بە نهێنی لەسەر گەشەپێدانی چەکێکی جۆری «لە ئاسمانەوە بۆ زەوی» کار دەکات، کە بەپێی پێناسەی پڕۆژەکە، مەودای کاریگەرییەکەی سنوورێکی جوگرافیی دیاریکراوی نییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم پڕۆژەیە کە ناوی «ئەرکی نهێنیی ئەورووپا»ی لێنراوە، بریتییە لە سیستەمێکی ئاسمانی کە لەسەر مانگ دەستکردێک دادەنرێت و بۆ گەیاندنی هێرش لە مەودایەکی دووردا دیزاین کراوە. بەڵام ئەم سیستەمە هێشتا لە قۆناغی پەرەپێدان و تاقیکردنەوەی سەرەتاییدایە و وردەکارییەکانی بە شێوەیەکی تەواو ئاشکرا نەکراون. کۆمپانیاکە بەدوای هاوبەشییەکی گەورەی بەرگرییەوەیە ڕۆژنامەکە لە وتەکانی سێباستیان کلاوس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاریی کۆمپانیاکە، دەگێڕێتەوە کە هەنگاوی داهاتوو دۆزینەوەی هاوبەشێکی گەورەترە لە کەرتی پیشەسازیی بەرگری، وەک کۆمپانیای ئەورووپی «ئێم‌بی‌دی‌ای»، بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنان دوای قۆناغی نموونەی سەرەتایی.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هاوبەشییەکی لەم جۆرە دەتوانێت یارمەتی پێشبردنی پڕۆژەکە بدات، بەڵام لە هەمان کاتدا چەندین پرسیاری ئاڵۆزی سیاسی و یاساییش لەبارەی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژییە لە بۆشاییدا هەڵدەخاتەڕوو. گومانەکان لەسەر توانای جێبەجێکردنی پڕۆژەکە «تایمز» ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژەکە هێشتا لە سەرەتای ڕێگادایە و ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە؛ لەوانەش نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی تەواو بۆ ڕێکخستنی ئەم جۆرە تەکنەلۆژییە ئاسمانییانە، لە کاتێکدا یەکێتیی ئەورووپا هێشتا لەسەر ڕێکخستنی یاسایی ئەم بوارە کار دەکات. هەروەها پرسیارەکانی پەیوەست بە توانای تەکنیکیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و ئەوەی ئایا لە ڕووی ئابوورییەوە بەراورد بە چەکە دوورمەوداکانی ئاسایی جێگەی هەیە یان نا، هێشتا وەڵامی کۆتاییان نییە.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی سەربازیی نەناسراو بە ڕۆژنامەکەی گوتووە کە ڕێڕەوی جووڵەی ئەم جۆرە سیستەمە ئاسمانییە بە شێوەیەکی ڕێژەیی ئاسان دەبێت بۆ دۆزینەوە و چاودێریکردن. بەمەش، پڕۆژەی چەکی ئاسمانیی ئەڵمانیا، سەرەڕای بانگەشەکانی سەبارەت بە مەودای جیهانی، هێشتا لە قۆناغێکدایە کە توانای تەکنیکی، تێچووی ئابووری و ڕەهەندە یاساییەکانی پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP