دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ڤانس بەدوای دیدارێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕەزاییەوەیە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ

هەرێم نیوز 

جی. دی. ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و ڕووبەڕوو لەگەڵ موحسین ڕەزایی، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی «وۆڵ ستریت جۆرنال» لە سەرچاوە فەرمییە ئەمریکی و ڕۆژهەڵاتییەکانەوە، دوناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە یاریدەدەرانە باڵاکانی ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە ڤانس جارێکی تر گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران دەست پێ بکات و ئەرکی دانوساندنی پێ سپاردووە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە گفتوگۆ لەسەر ناردنی ڤانس بۆ دیدارێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی، هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ڤانس لە مانگی ئۆکتۆبەری ڕابردوودا نامەیەکی بۆ ڕەزایی ناردووە و داوای دانیشتنێکی لێ کردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کاتێک بۆ ئەنجامدانی ئەو دیدارە دیاری نەکراوە. لە هەمان کاتدا، واشنتن و تاران لە ڕێگەی ناوبژیوان و هاوپەیمانەکانەوە پەیوەندییان بەردەوامە بۆ گفتوگۆ لەسەر هەنگاوەکانی داهاتوو.

ئەگەر ئەم دیدارە ڕووبدات، کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی جێگری سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاسایشی ئێران، ڕووداوێکی نائاسایی دەبێت و ئاستی ئەو هەوڵانە دەردەخات کە ڤانس بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەیانخاتەگەڕ.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە کە ڤانس لە ماوەی دوایی‌دا ڕۆڵێکی دیارتر لە دیپلۆماسییەتی ئەمریکا لەگەڵ ئێراندا گێڕاوە، بەراورد بە ستێڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نوێنەرانی تایبەتی واشنتن کە لە هەمان کاتدا خەریکی دانوساندان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینیش بوون.

هەروەها، ترامپ لە ماوەی ڕابردوودا ڕەخنەی لە یادداشتی تێگەیشتنەکەی مانگی حوزەیران لەگەڵ تاران گرتووە؛ ئەو ڕێککەوتنەی کە ڤانس بەشداری لە دانوساندنی کردبوو. ترامپ پرسیاری لەوە کردووە ئایا ئەو ڕێککەوتنە هەڵەیەکی گەورە و تێچووبەر نەبووە، چونکە بە بۆچوونی ئەو، کاتێکی گرنگی بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی ئێران و بەدەستهێنانی داهاتی نەوتی ڕەخساند، پێش ئەوەی ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی توندی بەسەردا بسەپێنێت.

بەڵام بەرپرسێک لە کۆشکی سپی ئەوەی ڕەتکردووەتەوە کە ترامپ لە هەڵوێستی خۆی بەرامبەر یادداشتی تێگەیشتنەکە پاشگەز بووبێتەوە و ڕایگەیاندووە دانوسێنەران بە نیازی باشەوە کاریان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، ڤانس بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە کردووە کە جەنگی ئێران کاریگەرییەکی نەرێنیی گەورەی لەسەر ئەدای کۆماریخوازان لە هەڵبژاردنە ناوەڕاستییەکانی ئەمریکا هەبووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ترامپ گوتوویەتی تێگەیشتوویەتی لە هەڵوێستی ڤانس.
لە بەرامبەردا، بەرپرسانێکی دیکەی ئەمریکا، لەوانەش مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوە، و پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری، بەرگرییان لە بڕیاری ترامپ بۆ دەستپێکردنی جەنگەکە کردووە و بانگەشەیان کردووە کە واشنتن هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکەی نەبووە بۆ ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن ئێرانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP