هەرێم نیوز
دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمنیی ئەمریکا، گومانلێکراوێکی بە چەکەوە لە نزیک کۆشکی سپی دەستگیر کرد، کە لە لێکۆڵینەوە بەرایییەکاندا دان بەوەدا ناوە کە بەهۆی بیستنی "دەنگێک لە مێشکیدا" ویستوویەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکوژێت.
دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە و چەکەکانی دەستی
ئەمڕۆ شەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنیی ئەمنی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، گومانلێکراوەکە ناوی "رۆنی کرینووس"ە و ئێوارەی پێنجشەممەی ڕابردوو لە ناو ئۆتۆمبێلەکەیدا لە نزیک کۆشکی سپی دەستگیر کراوە.
بەپێی پشکنینەکان، سێ پارچە چەکی جیاواز و دەیان فیشەک لە ئۆتۆمبێلەکەی تۆمەتباردا دۆزراونەتەوە.
ڕەچەڵەکی گومانلێکراوەکە و یەکەم دانپێدانان
دەزگاکە دەریخستووە، گومانلێکراوەکە کۆچبەرێکی نایاساییی خەڵکی ڤێنێزوێلایە و لە ئاداری ٢٠٢٤دا بە ڕێگەی قاچاخ لە مەکسیکەوە پەڕیوەتەوە بۆ ئەمریکا.
رۆنی کرینووس لە لێکۆڵینەوەکاندا بە ئەفسەرانی ڕاگەیاندووە: "دەنگێک لە مێشکم دەزرینگێتەوە و بەردەوام گوشارم لێ دەکات، بۆ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بکوژم."
هەڵوێستی وەزارەتی ناوخۆ و کۆشکی سپی
کۆشکی سپی تاوەکو ئێستا هیچ ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی لەم بارەیەوە بڵاو نەکردووەتەوە و وەزارەتی ناوخۆش تۆمەتباری خستووەتە ژێر دەستبەسەری.
مارکوین مۆلین، وەزیری ناوخۆی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی ئەفسەرانی خزمەتگوزاریی نهێنیی کرد و گوتی: "بە هەوڵی ئەفسەرە بوێرەکانمان، توانرا کەسێکی بیانیی نایاسایی لە نزیک کۆشکی سپی دەستگیر بکەن کە سێ پارچە چەکی پێ بووە، بەر لەوەی زیان بە هیچ کەسێک بگەیەنێت."
پاشخان: دیارترین هەوڵەکانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترەمپ (٢٠٢٤ - ٢٠٢٦)
دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی ژیانی سیاسییدا لە ساڵی ٢٠١٦ تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی چەندین هەوڵی کوشتن بووەتەوە، کە دیارترینیان بریتیین لە:
١٣ی تەممووزی ٢٠٢٤ (رالی باتڵەر - پێنسیلڤانیا): تۆماس ماتیو کروکس (٢٠ ساڵ) لەسەر سەربانی باڵەخانەیەکەوە تەقەی کرد و گولـلەیەک بەر گوێی ڕاستی ترەمپ کەوت، بەڵام هێرشبەرەکە لەلایەن هێزی دژەتیرۆرەوە کوژرا.
١٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ (وێست پاڵم بیچ - فلۆریدا): رایان وێسلی راووس (٥٨ ساڵ) بە چەکەوە لە نزیک یاریگای گۆڵفی ترەمپ دەستگیر کرا و سزای تا هەتاهەتاییی بەسەردا سەپێندرا.
٢٢ی شوباتی ٢٠٢٦ (مار ئە لاگۆ - فلۆریدا): ئۆستن تاکەر مارتین (٢١ ساڵ) بە چەکی شۆتگن و گازی فرمێسکڕێژەوە لە دەروازەی کۆشکی مار ئە لاگۆ چاوەڕێی ترەمپی دەکرد، بەڵام لەلایەن دژەتیرۆرەوە کوژرا.
٢٥ی نیسانی ٢٠٢٦ (کۆشکی سپی): کۆڵ تۆماس ئالێن (٣١ ساڵ) هەوڵی دا بە چەکەوە خاڵی پشکنینی ئەمنیی کۆشکی سپی تێپەڕێنێت و دەستگیر کرا.