هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاوی کردەوە، سعودیە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ حوسییەکانی یەمەن دانوستانی ئەنجام داوە، بەڵام حوسییەکان مەرجی قورس و تێچووی داراییی گەورەیان بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان دیاری کردووە.
مەرجەکانی حوسییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕ
ئەمڕۆ شەممە، ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە ئاشکرای کرد، حوسییەکان لە بەرامبەر ڕاگرتنی جەنگ و هێرشکردنە سەر سعودیە، داوای بڕی ٥١ ملیار دۆلاریان کردووە.
بە گوتەی حوسییەکان، ئەم بڕە پارەیە پێویستییەکی هەنووکەیییە بۆ قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچە و شوێنانەی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەلایەن سعودیە و هاوپەیمانەکانییەوە بۆردومان کراون.
جگە لە داواکارییە دارایییەکە، حووسییەکان مەرجی ئەوەیان هەیە کە شانشینی عەرەبیی سعودیە بە فەرمی وەک دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوای یەمەن ددان بە حووسییەکان بنێت؛ ئەمەش بە مانای قبووڵکردنی هێزێکی چەکدار لە سنووری باشووری ئەو وڵاتە دێت.
هەڵوێستی محەممەد بن سەلمان و بژاردەکانی سعودیە
ئەم داواکارییە قورسانەی حووسییەکان سعودیە خستووەتە دۆخێکی هەستیارەوە؛ یان دەبێت بەردەوامی بە جەنگێک بدات کە نزیکەی دەیەیەکە بەردەوامە، یان باجی دارایی و سیاسیی گەورە بدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
بەپێی زانیارییەکان، شازادە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە نایەوێت تا پێش بەدەستهێنانی سەکەوتنێکی بەرچاو لە گۆڕەپانی جەنگدا، ڕاستەوخۆ بچێتە نێو دانوستانەوە، تاوەکو لە کاتی گفتوگۆکاندا ئەو دەستکەوتە سەربازییانە وەک کارتی فشار بەکار بهێنێت.