هەرێم نیوز
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە شەڕی ئێران، پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ ئیسرائیل، هەڵاوسان و تێچووی ژیان هۆکاری سەرەکیی دۆڕاندنی پارتەکەیان بوون لە هەڵبژاردنەکاندا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، جەی دی ڤانس لە پەیامێکی درێژدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوە دا کە دەنگدەرانی ئەمریکی لە پەیڕەوانی بزووتنەوەی «ماگا» بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کردووە، بەڵام زۆرێکیان دەنگیان بۆ دیموکراتەکان داوە.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئاشکراشی کرد کە دۆناڵد ترەمپ خۆشی شەوی ڕابردوو دانپێدانانی هاوشێوەی دەربڕیوە.
ڤانس جەختی کردەوە کە ناڕازیبوونی هاووڵاتییان لە سروشتی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوی، وای کردووە لایەنگرانی پێشووی کۆمارییەکان بەرەو پارتی دیموکرات بگۆڕدرێن.
هاوکات روونی کردەوە کە دەنگدەران گەڕانەوەیان بۆ پشتیوانیکردنی کۆمارییەکان مەرجدار کردووە بە کۆتاییهێنان بە جەنگ، گرنگیدان بە کێشەی هەڵاوسان، گرتنەبەری ڕێبازی «ئەمریکا یەکەم»، و پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ ئیسرائیلدا.