هەرێم نیوز
سارا موحسین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی هەڵوێست ڕایگەیاند، هێزێکی دەمامکدار لە شاری سلێمانی داویانە بەسەر ماڵی برایەکیدا و دەستگیریان کردووە، بە مەبەستی دروستکردنی گوشار لەسەری تاوەکو بەشداری لە دانیشتنی پەرلەماندا نەکات.
ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکەی پەرلەمانتار سارا موحسین
سارا موحسین لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، تاوەکو ئەم کاتەش بڕیاری کۆتاییی بەشداریکردنی لە دانیشتنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستاندا نەداوە، و جەختی کردەوە ئەگەر بڕیاری بەشداریکردنیش بدات، بە مانای ملکەچبوون بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نایەت و نابێتە بەشێک لە پڕۆژەی هیچ حزبێک.
ناوبراو نووسیویەتی: "من لە سەنگەری بەرژەوەندیی گشتی و مافەکانی هاووڵاتییاندا وەستاوم و لەو سەنگەرەش پاشەکشە ناکەم. نە بە تەمای دەسەڵاتم و نە بە دوای ڕەزامەندیی حزبەکاندا دەگەڕێم، تەنیا لە بەرامبەر گەلدا بەرپرسم."
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سارا موحسین
من هەتاکو ئەم دەقەیە بریاری بەشداریکردنم لە دانیشتنی سبەی پەرلەمانی کوردستان نەداوە
وە ئەگەر بریاریش بی بەشدار بم لە دانیشتنەکاندا بە مانای ملکەچبوون بۆ هیچ لایەنێکی سیاسی نییە، و هەرگیز نابمە خۆراکی هیچ حیزب و پڕۆژەیەکی سیاسی.
من لە سەنگەری بەرژەوەندیی گشتی و مافەکانی هاووڵاتییاندا وەستاوم و لەو سەنگەرەش پاشەکشە ناکەم. هاوپەیمانیی من لەگەڵ مافەکانی گەلە، نەک لەگەڵ حیزب و دەسەڵات و زەمەن و کات پشت راستی قسەکانم دەکەن .
نە بە تەمای دەسەڵاتم، نە بە دوای ڕەزامەندیی حیزبەکاندا دەگەڕێم. من بۆ نوێنەرایەتیی گەل هاتووم، و تەنها لەبەرامبەر گەل بەرپرسم نەک هیچ حیزب و لایەنێک و خوا و خێزانەکەمی لێ دەرچی لە هەمووکەس بێمنەتم و بی منەت دەبم
واتای چیە بەم درەنگانی شەوە هێزێکی دەممکدار لە شاری سليمانی داویانە بەسەر ماڵی براکەمدا و دوای تەلەفۆنکردنی کە وتی نەکەی بەشداری بکەی ژیانم لەمەترسیدایە مۆبایلەکەیان لی وەرگرت
ئەمە چ هەلسوکەوت و ویژدانێکە بۆ حیزبيکی بەناو مۆدێرنی دیموکراسی ؟؟؟؟ دلنیا بن یەک تالە موی سەری براکەم ئازاری پی بکات کە من هێشتا لە ناڵەی لەدەستدانی برایەکم ئەژیم هەرچی خوا پیی ناخۆشە پێتان ئەکەم و دادگای عیراق و دنیاتان لی ئەگرم و بی دەنگ نابم
داوا لەمافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و قونسولخانەکان دەکەم بێنە سەر خەت دیموکراسیەت لەمەترسیدایە ئەمە دژی ئازادی رەئیە ببین چی ئەگوزەری لە شاری سلێمانی کە چۆن خەریکی هەرەشە و گورەشەن.