هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارییەکی ڕەسمیی ئاراستەی سەرجەم بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتی پلاتفۆرمی تیکتۆک کرد، سەبارەت بە قەدەغەکردنی ڕەفتارە نەشیاوەکان و ناچارکردنی پێشکەشکارانی لایڤ بە پڕکردنەوەی بەڵێننامە.
قەدەغەکردنی وتاری نەشیاو و پاراستنی دابونەریت
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، بە مەبەستی پاراستنی دابونەریت و کەلتووری کۆمەڵایەتی و ڕێگریکردن لە دیاردە نەخوازراوەکان، لەمەودوا بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وشەی نەشیاو بەکار بهێنرێت، جنێو بدرێت، سووکایەتی بە یەکدی بکرێت، یان وێنە و ناوەرۆکی نەگونجاو بڵاو بکرێتەوە.
پۆلیسی هەولێر جەختی کردەوە، ئەم جۆرە ڕەفتارانە جگە لەوەی دژ بە بەها کۆمەڵایەتییەکانن، دەبنە هۆی دروستبوونی چەندین کێشە و تاوان؛ بۆیە هەرکەسێک سەرپێچی بکات، ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی توندی یاسایی دەبێتەوە.
مۆڵەتی ١٥ ڕۆژ بۆ کردنەوەی دۆسیە و پڕکردنەوەی بەڵێننامە
لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ئاگاداریی ئەو کەسانە دەکاتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا "لایڤ" ئەنجام دەدەن، پێویستە لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بکەن بە مەبەستی دروستکردنی دۆسیەی تایبەت، پڕکردنەوەی بەڵێننامە و وەرگرتنی ڕێنماییە فەرمییەکان.
پۆلیسی هەولێر هۆشداریی داوە کە هەر کەسێک لەو وادەیەدا پابەند نەبێت، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە بەرامبەر ئەوەشدا ڕێکاری توندی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.