دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهۆی ئاودانیان بە ئاوی قورس؛ قائیمقامیەتی سلێمانی کێڵگەکانی سەوزەی لە تانجەرۆ لەناو برد

هەرێم نیوز

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای دەەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینە تاقیگەیییەکان و سەلماندنی ئاودانیان بە ئاوی قورس (ئاوەڕۆ)، سەرجەم کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سەوزەیان لە ناوچەی تانجەرۆ لەناو برد.

تێکدانی کێڵگەکان و ئەنجامی پشکنینەکان
ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرجەم کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی سەوزەیان لە ناوچەی تانجەرۆ تێک دا و لەناویان بردن.

ئەم ڕێکارەش دوای ئەوە هات کە پشکنین بۆ سەوزەی ئەو کێڵگانە کرا و دەرکەوت بە ئاوی قورس ئاو دەدرێن، شیاوی خواردن نین و مەترسیی جدی بۆ سەر تەندروستیی گشتی دروست دەکەن.

بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند، پشکنینی پزیشکی و تاقیگەیی بۆ جۆری ئەو سەوزانە کراوە کە لە کێڵگەکانی تانجەرۆ بەرهەم دەهێنران؛ بەپێی ئەنجامەکان دەرکەوتووە ئەو بەروبوومانە هەڵگری بەکتریای زیانبەخشن و دەبنە سەرچاوەی سەرەکی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گوازراوەکان.

ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکان جەختی لەوەش کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە سەلامەتی و تەندروستیی هاووڵاتییان ناکرێت؛ بۆیە ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەر خاوەنی ئەو کێڵگانە دەگیرێنە بەر و ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەکرێنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP