دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

قالیباف: تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ

هەرێم نیوز
⠀
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، کە دوای ئەوەی تاران وەڵامێکی بەهێز و عەقڵانیی داوەتەوە، ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەمریکادایە بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی نوێ و جەختیش دەکاتەوە کە هێشتا ئامادەی جەنگن.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی 11ـی 2026، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتەکەی پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەیە و هەر هەڵەیەکی نوێ لە حیساباتەکانی واشنتن وادەکات ئەمریکا ڕووبەڕووی جۆرێکی دیکە لە پێکدادان ببێتەوە، ئەوەش بێ ئەوەی سروشتی ئەو وەڵامەی تاران ڕوون بکاتەوە.
⠀
ناوبراو هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئەمریکا هەڵەیەکی دیکەی ستراتیژی بکات، دەبێت درک بەوە بکات کە ئەمجارە ڕووبەڕووی گۆڕەپانێکی نوێی جەنگ دەبێتەوە و واشنتن خۆی لە دۆخێکی ناهەموارتر لەمڕۆدا دەبینێتەوە کە تێیدا تەنیا بەدوای دەرچەیەکدا بگەڕێت.
⠀
ئەم لێدوانانەی قالیباف لە کاتێکدان، کە بەرپرسێکی ئەمریکی بە مەرجی ئاشکرانەکردنی ناوەکەی ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان چەند هێرشێکی بەرگرییان کردووەتە سەر پێگەکانی ئێران لە گەرووی هورمز و ئەو هێزانەی ئێرانیان کردووەتە ئامانج کە موشەکی زەوی بۆ ئاسمانیان بەکارهێناوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP