هەرێم نیوز
⠀
سەرۆکی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، کە لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ڕاگرتنی هاوکارییە داراییەکان و هاوکات ئاشکرای دەکات کە بنکەیەکی سەربازیی ئێرانیان بۆردومان کردووە و تاران تەنیا دوو هەفتەی مابوو بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.
⠀
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی 11ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێران زۆر نزیک بووە لە دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی و وڵاتێکی زۆر سەرسەختە. هاوکات هۆشداریی دا کە ئەمریکا بەتەواوی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزی کردووە و توانای لەناوبردنی ئێرانی هەیە، وەک پێشهاتێکیش ئاشکرای کرد کە دوێنێ هێزەکانیان دامەزراوەیەکی نوێی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانیان بە چڕی بۆردومان کردووە، بەڵام پێی وایە کێشەی تاران هاوشێوەی جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا نییە.
⠀
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەڤیڤ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیاریان داوە لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی بە پێدانی پارە و هاوکارییە داراییەکانیان بهێنن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئابووریی ئیسرائیل بەهێزە و پێویستی بەو پارەیە نییە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە بە مانای بایکۆتی سەربازی نایەت و دەتوانن هەر چەکێکیان بوێت لە واشنتن بیکڕن.
⠀
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ هۆشداریی دا لەوەی کە ناتوانن ڕێگە بدەن چەپە ڕادیکاڵەکان کۆنترۆڵی ئەمریکا بکەن و وێڕای تۆمەتبارکردنی دیموکراتەکان بە ئەنجامدانی ساختەکاری لە ئالاسکا، هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی بە گرنگترین هەڵبژاردن وەسف کرد. لەسەر ئاستی بازرگانیش، ڕایگەیاند کە لەگەڵ کەنەدا زۆر نزیک بوونەتەوە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە دابینکردنی پەینی کیمیایی.