هەرێم نیوز
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگەیاند کە موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران هەندێک دەسەڵاتی دیاریکراوی بەخشیوەتە حکوومەت بۆ دانوستانکردن لەگەڵ ئەمریکا، هاوکات جەختیشی کردەوە کە دوژمنانی ئێران ناتوانن لە ڕێگەی شەڕەوە وڵاتەکەیان ملکەچ بکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران «ئێرنا» لە زاری مەسعود پزیشکیانەوە بڵاوی کردەوە کە تاران هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆوە دەدات و لەم ڕووەوە ڕابەری باڵا دەسەڵاتی بە حکوومەت داوە، بەبێ ئەوەی وردەکاری و مەودای ئەو دەسەڵاتانە ڕوون بکاتەوە.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی «ڕۆیترز» بڵاوی کردەوە کە تاران و واشنتن لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی پەیام دوای ئەوەی دانوستانەکانی قەتەر بەبێ پێشکەوتن کۆتایییان هات.
بەپێی زانیارییەکان، پێشنیازەکەی مانگی ئەیلولی ئێران هێشتا بنەمای گفتوگۆکانە، کە ڕاگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی ئێران و ئاسانکاری بۆ هەناردەی نەوت لە خۆ دەگرێت، لە بەرامبەر بڕیاری کردنەوەی گەرووی هورمزدا.