هەرێم نیوز
یاداشتێکی هەواڵگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە ئێران هەوڵەکانی بۆ بەئامانجگرتنی دیپلۆماتکاران و بەرپرسانی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دیکە بە شێوەیەکی بەرچاو پەرە پێ داوە و پلانەکانی تیرۆرکردن چوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، ئەوەش وا دەکات واشنتۆن ئاستی ئامادەباشیی خۆی بەرز بکاتەوە و قەبارەی ستافی دیپلۆماسی لە چەند پایتەختێکی ناوچەکەدا کەم بکاتەوە.
زانیارییەکانی ئاکسیۆس و نیویۆرک تایمز لەسەر یاداشتە هەواڵگرییەکە
ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" کە بۆ یەکەمجار یاداشتەکەی بڵاو کردووەتەوە، ڕایگەیاند که بەرواری ٢٣ی تشرینی یەکەمی لەسەرە و لەلایەن جای کلایتۆن، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانییەوە بۆ مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نێردراوە.
هاوکات بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ شەوی هەینی لەڕێگەی بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ناوەڕۆکی یاداشتەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە که ئەم هەنگاوە ڕەنگدانەوەی ئاستی جدیبوونی حکوومەتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو مەترسییە. رۆژنامەکە ئەوەشی خستە ڕوو که دەزگا هەواڵگرییەکان زانیارییان پێگەیشتووە کە ئاماژە بەوە دەکەن ئێران هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ بەئامانجگرتنی ئەمریکییەکان و پلانەکانی تیرۆرکردن گەیشتوونەتە قۆناغی پێشکەوتوو، چ لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چ لە وڵاتانی دیکەدا.
وردودرشتی ناوەڕۆکی یاداشتەکە و هەڵسەنگاندنی بەرپرسان
بەگوێرەی "ئاکسیۆس"، یاداشتەکە کە لە یەک لاپەڕە پێکهاتووە و پۆلێن نەکراوە، ئامانجی تایبەتی دەستنیشان نەکردووە، ناوی هیچ وڵاتێکی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی تێدا نەهاتووە، یان سروشتی پلانه کانی نەخستووەتە ڕوو؛ بەڵام ئاماژە بەوە دەکات که زانیارییە سەرەکییەکان پێشتر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی دەرەوە بەش کراون.
بەرپرسێک بە "نیویۆرک تایمز"ـی ڕاگەیاندووە کە هەندێک زانیاریی هەواڵگری ئاماژە بە ئەگەری بوونی بەکرێگیراوی ئێرانی لە ناو ئەمریکادا دەکەن و پلانەکانی ئێران ئامانجی گریمانەکراو لە ئەوروپاش لە خۆ دەگرن، لە بەرامبەردا بەرپرسێکی دیکە ئاماژەی بەوە داوە کە توانای تاران بۆ ئەنجامدانی هێرش لە ناو خاکی ئەمریکا یان لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیدا سنووردارە و خواستەکانی لە توانا ڕاستەقینەکانی زیاترە.