هەرێم نیوز
تۆم باراک، نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا، لە میانی بەشداریکردنی لە پۆدکاستێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووس "ماریۆ نۆف" ڕایگەیاند که بە دووری نازانێت ئەمریکا لەم هەفتەیەدا هێرش بکاتە سەر ئێران، و جەختیشی کردەوە که ئامانجی سەرۆک گۆڕینی رژێم نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و ئارامییە بۆ جیهان.
هەڵوێستی ترەمپ و بەکارهێنانی گەرووی هورمز وەک کارتێکی فشار
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری روودانی هێرش بۆ سەر ئێران لەم هەفتەیەدا، باراک ڕاستەوخۆ وەڵامی دایەوە و گوتی: "بە دڵنیاییەوە." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد که ترەمپ زۆر روون بووە لە هەڵوێستەکەیدا و چەند جارێک دەرگای ڕێککەوتنی کردووەتەوە، بەڵام تاران گەرووی هورمزی کردووە بە کارتێک بۆ سازشکردن.
تۆم باراک جەختی لەوە کردەوە که ئەنجامی کۆتایی هێرشەکان گۆڕینی رژێم نەبێت لە ئێران، بەڵکو ئامانجی سەرۆک گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و دڵنیابوونە لەوەی کە چیتر بارمتە یان هەڕەشە نەمێنێت، بۆ ئەوەی ئارامی بگەڕێتەوە بۆ جیهان.
ئامادەیی واشنتن بۆ ڕێککەوتن و بێئاگایی تاران
نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق و سووریا ئەوەشی خستە ڕوو که ترەمپ کراوە و ئامادەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، و لە هەمان کاتدا لەڕادەبەدەر دڵنیایە لەوەی چی دەوێت، بەڵام پێدەچێت ئێرانییەکان ئامادە نەبن بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی واشنتن.