دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 53 خولەک پێش ئێستا

ئەوروپا دەرگای داخست»؛ بڕیاری دیپۆرتی زۆرەملێ و دەستبەسەرکردنی درێژخایەنی کۆچبەران پەسەند کرا

 

 
 

یاسای نوێی ئەوروپا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆچبەری؛ لە زیندانیکردنی درێژخایەنەوە تا دروستکردنی کەمپی دەرەوەی سنوور  
پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەیەکی ڕەهای دەنگەکان پڕۆژەیاسایەکی نوێ و توندی پەسەند کرد کە ڕێگە بە دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێی کۆچبەرانی نایاسایی دەدات؛ هەنگاوێک کە وەک ڕاگەیاندنی جەنگێکی ئاشکرا دژ بە کۆچبەریی نائاسایی لە کیشوەرەکەدا لێکدەدرێتەوە و چارەنووسی دوو بۆ سێ ملیۆن کۆچبەری نایاسایی دەخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورەوە.  

 

بەپێی یاسا نوێیەکە، دەسەڵاتدارانی جێبەجێکردنی یاسا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا دەسەڵاتی ئەوەیان پێدەدرێت کە کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ماوەیەک کە دەگاتە دوو ساڵ و نیو (٣٠ مانگ) دەستبەسەر بکەن پێش ئەوەی پڕۆسەی دەرکردنیان جێبەجێ بکرێت. پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکەش ڕاستەوخۆ بۆ وڵاتی بنەڕەتی نابێت، بەڵکو لە قۆناغی یەکەمدا ڕەوانەی ناوەند و سەنتەری دەستبەسەرکردنی تایبەت لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەکرێن و دواتر لەوێوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان.  

 

ئەم بڕیارە مشتومڕێکی توندی سیاسیی لەسەر ئاستی ئەوروپا دروستکردووە:  
 پێشوازیی پارتە ڕاستڕەوەکان: پارتە ڕاستڕەوەکانی ئەوروپا و لە پێشەنگیاندا جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، بە گەرمی پێشوازییان لە بڕیارەکە کردووە، بەتایبەت کە لە ئێستادا چەندین پایتەختی ئەوروپی شایەتی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانن و لە نێو بازنە دەسەڵاتدارەکاندا پەنجەی تۆمەت بۆ کۆچبەران درێژ دەکرێت بەوەی لە پشت ئەو ئاڵۆزییانەوەن.  

 

 تووڕەیی و ڕەخنەی چەپەکان: لە بەرامبەردا، پارتە چەپڕەوەکان بە توندی هێرشیان کردە سەر یاساکە و بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێیان وەک «شەرمەزاری و لەکەیەکی عار بۆ ئەوروپا» وەسف کرد.  

 

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی ئەوروپا، لە ئێستادا ٦٥ ملیۆن کۆچبەر لە وڵاتانی ئەوروپادا دەژین، کە دەکاتە ١٤٪ـی کۆی دانیشتووانی یەکێتیی ئەوروپا. لەو ژمارەیەش، تەنها لە ئەڵمانیا ١٨ ملیۆن کۆچبەر نیشتەجێن. تێچووی مانەوەی کۆچبەران ساڵانە زیاتر لە ٥٠ ملیار دۆلار لەسەر بودجەی یەکێتیی ئەوروپا دەکەوێت، هەرچەندە چاودێرانی ئابووری جەخت لەوە دەکەنەوە کە بەشێکی زۆری ئەو کۆچبەرانە ڕۆڵێکی سەرەکی لە پڕکردنەوەی کەلێنی بازاڕی کار و دانی باج و بوژاندنەوەی ئابووریی ئەو وڵاتانەدا دەگێڕن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP