هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند که هێزەکانیان توانیویانە لەبەردەم باڵەخانەی دادگای بەرایی هەولێر، پلانێکی تاوانکاری پووچەڵ بکەنەوە و تۆمەتبارێک بە چەکەوە دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، ڕووداوەکە لە کاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار به ناوەکانی (ه. ت.) و (م. ت.) ڕووی داوە که پێشتر لە 25ـی ئایاری 2024ـدا به تۆمەتی کوشتنی ئامۆزایەکی خۆیان به ناوی (ک. ک. م.) درابوونە دادگا.
لە کاتی دادگاییکردنەکەدا، هاووڵاتییەک به ناوی (م. ج. م.) به مەبەستی تۆڵەسەندنەوە و بە بەکارهێنانی چەک، هەوڵی داوە تاوانێک ئەنجام بدات.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوە دا که تۆمەتبارەکە بۆ ئەوەی ناسنامەی نەناسرێتەوە، ماسکی بەستبوو، بەڵام پێش ئەوەی بتوانێت مەبەستەکەی جێبەجێ بکات، لەلایەن تیمەکانی پۆلیسەوە ڕێگریی لێ کرا و دەستبەجێ دەستگیر کرا، و دەستیش بەسەر چەکەکەیدا گیرا.
لە کۆتاییدا، پۆلیس ڕایگەیاند که تۆمەتبار ڕادەستی یاسا کراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.