هەرێم نیوز
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرلەبەری ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ڕەت کردەوە که لە ژمارەیەک دەزگای ڕاگەیاندندا بڵاو کرابوونەوە سەبارەت بە بوونی درۆن یان هێز و یەکەی سەربازیی ئۆکراینی لە خاکی هەرێمدا، و بە تەواوی دووپاتی کردەوە که ئەم بانگەشانە لە بنەڕەتدا ناڕاست و بێبنەمان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لەسەر هەڵوێستی بنەڕەتی و نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتی بێلایەنی، خۆبەدوورگرتن لە ناکۆکییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، و ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ بەکارهێنانی خاکی هەرێم وەک پێگەیەک بۆ هەر جۆرە جووڵەیەکی سەربازی یان دوژمنکارانە دژ بە هەر وڵاتێک.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی کردەوە که پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم لە پێشینەی کارەکانیانە، و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێوەگلان یان پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستان بۆ ناو ئەو ململانێیانە نادرێت.