دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 12 کاتژمێر پێش ئێستا

ترەمپ هەڕەشەی گورزی توند لە ئێران دەکات، باسی دانوستان لەگەڵ مۆسکۆ دەکات و هێرش دەکاتە سەر زیلینسکی و ماکرۆن

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا بۆ ڕۆژنامەنووسان، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند کە واشنتن بە نیازە گورزی زۆر بەئازار و توند لە ئێران بوەشێنێت، چ لە ڕووی سەربازی و مەیدانییەوە بێت و چ لە ڕووی ئابووری و سەپاندنی گەمارۆوە.

لە هەمان کاتدا ترەمپ هەڵوێستی مۆسکۆی لەم قۆناغەدا بە ئەرێنی وەسف کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە بەپێی چاودێرییەکانی ئەوان، ڕووسیا هیچ هەنگاوێکی نەرێنی لە ئێران نەهاویشتووە.

سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر بوونی کەناڵی فراوانی دیپلۆماسی لەگەڵ کرملین لادا و ڕایگەیاند کە ئێستا سەرقاڵی دانوستانن لەگەڵ ڕووسیا لەسەر کۆمەڵێک دۆسیەی هەستیار، لەوانە: پرسی شەڕی ئێران، دۆخی ئۆکرانیا، ئازادکردنی بارمتەکان، و کەرتی سووتەمەنی و گازۆیل، و جەختیشی کردەوە کە نایەوێت لەم قۆناغەدا ڕێڕەوی ئەو دانوستانانە پەکیبکەوێت.

سەبارەت بە لوتکەی سەرکردەکانیش، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئامادەیە بەشداری لە لوتکەیەکی سێقۆڵیدا لەگەڵ سەرۆکەکانی ڕووسیا و چین بکات بۆ تاوتوێکردنی پرسی داماڵینی چەکی ئەتۆمی لەسەر ئاستی جیهان. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ڕەخنەی توندی لە ڤلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا گرت و گوتی کە پێویست بوو زووتر شەڕەکە بوەستێنێت و ئەگەر گوێی لە ئامۆژگارییەکانی ئەو بگرتایە، زۆر لەمەوبەر دەگەیشتە ڕێککەوتنێکی باشتر لەگەڵ مۆسکۆ؛ هەروەها ترەمپ گوتی: «ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کەسێکی تر جگە لە زیلینسکی بە ناوی ئۆکرانیاوە سەرکردایەتیی دانوستانەکان بگرێتە دەست».

لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا تیشکی خستە سەر شەپۆلی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی فەرەنسا و ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئەو وڵاتە گرت، و ئاشکرای کرد کە ساڵانێک لەمەوبەر هۆشداریی دابووە ماکرۆن لەوەی سیاسەتی سنووری کراوە و کۆچبەری وڵاتەکەی دەشێوێنێت.

ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە هۆکاری سەرەکیی تێکچوونی دۆخی فەرەنسا تەنها سیاسەتی کۆچبەرییە نەک سیستەمی پەروەردە یان کێشەی دیکە، و بەهۆی ئەم سیاسەتانەوە زیانێکی گەورە بەر فەرەنسا کەوتووە کە قەرەبووکردنەوە و چاککردنی زۆر قورس دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP