دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

پووتین هێڵی سووری مۆسکۆ ئاشکرا دەکات: دروستکردنی ناوچەی ئارام لەسەر سنووری ئۆکرانیا ناکەوێتە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاشتییەوە

هەرێم نیوز

ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند کە دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە مەبەستی پاراستنی ناوچە سنوورییەکانی وڵاتەکەی، لە هیچ گفتوگۆ و دانوستانێکی ئاشتیی چاوەڕوانکراودا لەگەڵ ئۆکرانیا نابێتە جێگەی سازش و قسەلەسەرکردن.

 پووتین لە میانی سەردانیکردنی بۆ ناوەندی سەرکردایەتیی یەدەگی هێزە هاوبەشەکانی ڕووسیا ڕوونی کردەوە کە لە دوای دزەکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا بۆ ناوچەی «کورسک»، ئەرکی سوپای ڕووسیا تەنها بە دەرکردنی ئەو هێزانە لە خاکی ڕووسیا سنووردار نەبووە، بەڵکو ئەرکی دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنیی لە نێو خاکە هاوسنوورەکانی ئۆکرانیادا پێ سپێردراوە، و جەختی کردەوە کە ئەم ئەرکە لە مانگەکانی ڕابردوودا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە و ناوچەی ئەمنییەکە بە شێوەیەکی بەرچاو فراوان کراوە.

سەرۆکی ڕووسیا ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە سەربازییانە مسۆگەرکردنی تەواوەتیی ئاسایشی ناوچە سنوورییەکانی ڕووسیایە بۆ درێژخایەن، و گوتی: «ئامانجمان پاراستنی ڕەهای ناوچە سنوورییەکانمانە لە داهاتوودا، بە هیچ شێوەیەکیش بە نیاز نین ئەم پرسە بخەینە نێو چوارچێوەی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ کیێڤ». هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی سەرۆکی ڕووسیا، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرملین وردەکاریی مەیدانیی ئەم ناوچەیەی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند درێژایی ئەو ناوچە ئارامەی بە درێژایی سنووری دەوڵەت دیاری کراوە دەگاتە ٦٦٠ کیلۆمەتر؛ لە ئێستاشدا هێزەکانی ڕووسیا دەستیان بەسەر ٤٦٥ کیلۆمەتریدا گرتووە، کە دەکاتە ڕێژەی ٧٠٪ـی تەواوی ناوچە ئەمنییەکە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP