هەرێم نیوز
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا کە ئاراستەی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد، هۆشداریی دا لە پەراوێزخستنی ئیرادەی ڕاستەقینەی پێکهاتەی مەسیحی لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئانۆ جەوهەر لە پەیامەکەیدا ڕەخنەی توندی لە هەژموونی گرووپە چەکدارەکان گرت و رووبەڕووی سەرۆکوەزیرانی عێراق بووەوە و پرسیاری ئەوەی کرد که ئایا لە سەردەمی دەسەڵاتیدا باڵادەستیی چەک بەسەر شکۆی دەوڵەتدا سەرکەوتووە، یان سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان و نووسینگە ئابوورییەکان لە دامەزراوەکانی دەوڵەت بەهێزتر بوون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، نابێت ئیرادە و دەنگی ئازادی مەسیحییەکان چیتر وەک بارمتەیەک بۆ سازش و بازرگانیی سیاسی بمێنێتەوە و نابێت نوێنەرایەتیکردنی ئەم پێکهاتەیە وەک دەستکەوتی سیاسی بەسەر میلیشیا و لایەنە دۆڕاوەکاندا دابەش بکرێت.
هەروەها ڕەخنەی لە پێدانی پۆستی وەزاری بە کەسانی نەشیاو گرت و جەختی کردەوە که مافەکانی مەسیحییەکان بەخشش و چاکەی هیچ لایەنێک نییە، بەڵکوو مافێکی بنەڕەتییە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن داوای لە عەلی زەیدی کرد هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە نەکاتەوە و ڕێگە نەدات دەسەڵاتی چەک و پارەی گەندەڵ بەسەر سندووقەکانی دەنگداندا سەرکەون، چونکە ڕێزگرتن لە ئیرادەی مەسیحییەکان پێوەری سەرەکیی دیموکراسییە لە عێراقدا، و پەیامەکەشی بەو وتەیە کۆتایی پێ هێنا کە «مرۆڤەکان دوو دەستەن، یاخود براتن لە ئاییندا، یان هاوشێوەتن لە دروستبووندا.»