دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق ڕێکارەکانی فرۆشتنی سیمکارتی مۆبایل توندتر دەکات

هەرێم نیوز

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکرد بۆ ڕێکخستنەوەی میکانیزمی فرۆشتن و تۆمارکردنی سیمکارتی مۆبایل، کە تێیدا پرۆسەکە دەکرێتە ئەلیکترۆنی و سنوورێک بۆ خاوەندارێتیی سیمکارت لەلایەن هاووڵاتییانەوە دیاری دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی 10ـی 2026، میدیاکان بڵاویانکردەوە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە چوارچێوەی هەنگاوە کارگێڕی و ئەمنییەکانیدا، بڕیارێکی نوێی بە ژمارە (ق/١١٦) دەرکردووە کە تایبەتە بە ڕێکخستنەوەی میکانیزمی فرۆشتن و تۆمارکردنی سیمکارتی مۆبایل لە سەرتاسەری وڵاتدا.

بەپێی بڕیارەکە پرۆسەی کڕین و خاوەندارێتیکردنی سیمکارت دەکرێتە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و لەمەودوا لە کاتی کڕینی هەر سیمکارتێکدا، لە ڕێگەی تەکنەلۆجیای خوێندنەوەی دیجیتاڵی (NFC و MRZ)ـەوە پشکنینی ورد بۆ کارتی نیشتمانی یان پاسپۆرتی کڕیارەکە دەکرێت. هاوکات وێنەی زیندووی ڕووخساری کەسەکە دەگیرێت بۆ بەراوردکردن لەگەڵ زانیارییە فەرمییەکانیدا، ئەمەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ساختەکارییەک لە پرۆسەکەدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕێنماییەکاندا، دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر هاووڵاتییەکی عێراقی تەنیا مافی ئەوەی هەیە حەوت سیمکارتی پەیوەندیکردنی ئاسایی و حەوت سیمکارتی تایبەت بە هێڵی ئینتەرنێت (داتا) بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات. سەبارەت بەو سیمکارتانەی کە پێشتر فرۆشراون و لە کاردان، مۆڵەتی ٧٢٠ ڕۆژ دراوەتە کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن تاوەکو سەرجەم بەشداربووانیان لەسەر بنەمای ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێیە دووبارە تۆمار بکەنەوە.

دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن سزای توندی بۆ سەرپێچیکاران دیاری کردووە و ڕایگەیاند، بۆ هەر تاکە سیمکارتێکی سەرپێچیکار، بڕی سێ ملیۆن دیناری عێراقی وەک پێبژاردن بەسەر لایەنی کەمتەرخەمدا دەسەپێنرێت.

لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی زانیارییەکانیشەوە، کۆمپانیاکان پابەند کراون بەوەی سەرجەم داتا و زانیارییەکانی هاووڵاتییان لە سەنتەرێکی زانیاریی پارێزراو لە ناوخۆی شاری بەغدا پاشەکەوت بکەن و بەرپرسیارێتیی تەواوی یاساییان دەکەوێتە ئەستۆ لە ئەگەری دزەکردنی هەر زانیارییەکی بەشداربووان. بڕیارە ئەم ڕێسا نوێیانە دوای تێپەڕبوونی ٩٠ ڕۆژ بەسەر بڵاوکردنەوەیاندا بە فەرمی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP