ھەرێم نیوز
هێرشی ئەمریکا تەنها کاتی ماوە؛ ئێوەش ئامادە بن»؛ پەیامی بەپەلەی تاران بۆ حیزبوڵڵای لوبنان
تاران حیزبوڵڵای لوبنان دەخاتە ئامادەباشییەوە.
هێرشی ئەمریکا بۆ سەرمان تەنها مەسەلەی کاتە
لە پەرەسەندنێکی نوێی ئەمنیدا کە ئاماژەیە بۆ چاوەڕوانیی گەورەترین پێکدادانی سەربازی، تاران هۆشداریی توندی داوەتە حیزبوڵڵای لوبنان سەبارەت بە نزیکبوونەوەی کاتی دەستپێکردنەوەی جەنگ لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «جیرۆسالم پۆست»ی ئیسرائیلی لە زاری دوو سەرچاوەی دیپلۆماسییەوە، بەرپرسانی باڵای ئێران نامەیەکی بەپەلەیان ئاراستەی سەرکردایەتیی حیزبوڵڵا لە لوبنان کردووە و تێیدا هاتووە: «پێشبینیی ئێمە ئەوەیە کە هێرشی ئەمریکا تەنها مەسەلەی کاتە، پێویستە ئێوەش بە تەواوی ئامادە بن».
ئەم هەنگاوەی ئێران دوای ئەوە دێت کە دەنگۆی ئامادەکارییەکانی ئیسرائیل و واشنتن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوانی پێشوەختە لە میدیاکانی جیهاندا دەنگی داوەتەوە.
پێشتر ماڵپەڕی «ئاکسیۆس» ئاشکرای کردبوو کە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەم دواییەیاندا، ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی سەربازیی هاوبەشیان بۆ سەر پێگە سەربازی و ئەتۆمییەکانی ئێران تاوتوێ کردووە؛ بە تایبەتی لە بەرامبەر نیگەرانییە هەواڵگرییەکانی تەلئەبیب لە ئەگەری بەکارهێنانی دامەزراوەی ژێرزەمینیی «کێوی تەور» بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕەتیکردەوە کە بڕیار لەسەر دەستپێکردنەوەی شەڕ درابێت و جەختی لەوە کردەوە کە ترەمپ تا دوای هەڵبژاردنەکانی نیوەی خول لە مانگی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر) هێرش ناکاتە سەر تاران، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان دووپاتی دەکەنەوە کە سوپای ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرزترین ئاستی ئامادەباشیدان، ئەوەش بۆ ئەوەی لە ئەگەری گۆڕینی هەڵوێستی سیاسیی ترەمپدا ڕاستەوخۆ دەست بە ئۆپەراسیۆنەکە بکەن.