دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ناردنی دۆلار بۆ عێراق جێبەجێ کران

هەرێم نیوز

حکومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن بۆ بەردەوامبوونی ناردنی دۆلاری نەختینەیی (کاش)، و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاروانێکی نوێ بگاتە وڵاتەکە.

ئەمڕۆ شەممە، 26ـی 9ـی 2026، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی سەردانەکەی عەلی فاڵح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، هەردوولا لەسەر بەردەوامبوونی ناردنی کاروانەکانی دۆلاری کاش بۆ عێراق ڕێککەوتوون. 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییە ڕەواکانی بازاڕ بۆ دراوی بیانی و چاوەڕوان دەکرێت بەمزووانە بارێکی نوێی دۆلار بگاتە بەغدا.

وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕوونیشیکردووەتەوە، ئەم لێکتێگەیشتنە لە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنانە دێت کە عێراق لە پتەوکردنی سیستەمی چاودێری بەسەر دابەشکردنی دۆلار و ڕێکخستنی بەکارهێنانەکانیدا بەدەستی هێناوە.

 هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە، کە سنووردارکردنی خراپ بەکارهێنانی دراوی بیانی، فراوانکردنی ئامرازەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی، و هەنگاونان بەرەو ئابووریی دیجیتاڵی، هۆکاری سەرەکیی ڕەزامەندیی واشنتن بوون بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی دۆلار.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP