هەرێم نیوز
ماڵپەڕی ڕادیۆی مۆنت کارلۆی فڕەنسی دەڵێت، خۆکاندیدکردنەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ سەرۆکایەتیی تورکیا مشتومڕی لە وڵاتەکەیدا دروست کردووە، ئەگەریش جارێکی تر خۆی کاندید بکات بەبێ ئەوەی تووشی کێشەی دەستووری بێت، ئەوا دەبێت پەنا بۆ کورد ببات.
کێشەی دەستووری و ڕێگەی پێشخستنی هەڵبژاردن
ئەمڕۆ هەینی ١٨ی ئەیلوول، ماڵپەڕی ڕادیۆی مۆنت کارلۆ لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات خۆکاندیدکردنەوەی ئەردۆغان لە تورکیا مشتومڕی دروست کردووە، چونكە بەگوێرەی دەستوور ماوەی ئێستەی سەرۆکایەتیی ئەردۆغان دووەم و دوا جارە، بەڵام هەر بەگوێرەی دەستووری تورکیا ئەگەر هەڵبژاردنەکە لە وادەی خۆی پێش بخرێت، ئەوا ئەردۆغان دەتوانێت جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە.
هاوکێشەی دەنگەکان لە پەرلەمانی تورکیا
لێرەدا پێشخستنی هەڵبژاردن ئامانجی ئاکپارتی دەبێت کە حزبەکەی ئەردۆغانە، بەڵام بۆ ئەم پرۆسەیە دەبێت لە کۆی ٦٠٠ پەرلەمانتار ٣٦٠ پەرلەمانتار دەنگی بۆ بدەن. ئەمە ئاستەنگ بۆ ئاکپارتی دروست دەکات چونكە ٢٨٠ ئەندامی هەیە و هاوپەیمانەکەی کە مەهەپەیە ٦٤ ئەندامی هەیە، بۆیە هێشتا پێویستیان بە ٣٤ دەنگی تر هەیە.
پەنابردنی ئەردۆغان بۆ پەرلەمانتارانی کورد
مۆنت کارلۆ پێیوایە لەو حاڵەتەدا ئەردۆغان دەبێت پەنا بۆ ئۆپۆزسیۆن و پارتەکانی تر ببات، یەکەم لایەنیش کە ڕەنگە بتوانێت هاوسۆزییان بەدەست بهێنێت پەرلەمانتارە کوردەکانن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە تورکیا پرۆسەی ئاشتی بەڕێوە دەچێت.
کاندیدکردنەوەی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی ٢٠٢٨
دوێنێ محەمەد ئەچووم، ڕاوێژکاری ئەردۆغان ئاشکرای کرد ئەردۆغان جارێکی تر خۆی کاندید دەکاتەوە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٨ کە دەبێت لە ١٦ی نیسان بەڕێوە بچێت، لە بری ئەوەی لە مانگی ئایاری هەمان ساڵ بەڕێوە بچێت. ئەم وادەیەش وەک مۆنت کارلۆ باسی دەکات لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بە پێویست نازانرێت.