دواین هەواڵ

کوردستان‌

 58 خولەک پێش ئێستا

وتەبێژی حکومەت: ئەوەی لە بەغداوە هاتووە مووچە بووە نەک بودجە

هەرێم نیوز

پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا بودجەیان لە بەغداوە وەرنەگرتووە و ئەوەی نێردراوە تەنیا مووچە بووە بە کەمکوڕییەوە، هاوکات داوا لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکات ناکۆکییەکان وەلابنێن و یەکدەنگ بن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی 9ـی 2026، پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ هەرێم نیوز ڕایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی و گفتوگۆی باشی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە سەرجەم لایەنە کوردستانییەکان لەم پرسەدا یەکدەنگ بن و پاڵپشتیی مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونیشیکردەوە، داوا دەکەن بەپێی دەستوور مامەڵە لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت و پشکی هەرێم لەسەر بنەمای ئەو سەرژمێرییەی حکومەتی فیدراڵی دیاری بکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە ساڵانی ڕابردوودا ئەوەی نێردراوە بودجە نەبووە، بەڵکو تەنیا مووچە بووە کە ئەویش بە کەمکوڕییەوە دابەش کراوە و نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست.

لە کۆتاییشدا داوای لە نوێنەرانی کورد لە عێراق کرد کێشە ناوخۆییەکانیان بخەنە لاوە و لە پرسی مافە نیشتمانی و داراییەکانی هەرێمدا یەک هەڵوێست بن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP