دواین هەواڵ

کوردستان‌

 55 خولەک پێش ئێستا

بە ناوی ڕێکخراوی خێرخوازییەوە؛ باندێک لە سنووری ڕاپەڕین فێڵ لە هاوڵاتییان دەکەن

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیدارەی ڕاپەڕین هۆشداری دەداتە هاوڵاتییان سەبارەت بە دەرکەوتنی باندێکی فێڵکردن کە بە ناوی ڕێکخراوەوە باڵانس لە کەسانی کەمدرامەت دەستێنن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی 9ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا شێوازی کارکردنی باندێکی فێڵکردنی ئاشکرا کرد، کە بە ناوی ڕێکخراوی خێرخوازی و مرۆییەوە پەیوەندی بە خەڵکەوە دەکەن و بە بەڵێنی ببڕینەوەی مووچە، ناردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ چارەسەر و دابینکردنی پێداویستیی ناوماڵ، داوای بڕی 400 هەزار دینار باڵانس لە هاوڵاتییان دەکەن.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەندامانی باندەکە بە زمانلووسی قەناعەت بە هاوڵاتییان دەهێنن، بەڵام هەرکاتێک باڵانسەکەیان بۆ دەنێردرێت، ژمارە تەلەفۆنەکانیان دادەخەن و لە پەیوەندی دەپچڕێن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی ڕاپەڕین ڕوونی کردووەتەوە، ئەو باندە پێشوەختە زانیاری لەسەر قوربانییەکانیان کۆدەکەنەوە و زیاتر ئەو گەنجانە دەکەنە ئامانج کە باری داراییان لاوازە. 

لە کۆتاییدا پۆلیس داوا لە هاوڵاتییان دەکات نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو کەسانە و لە کاتی ڕوودانی حاڵەتی هاوشێوەدا، دەستبەجێ نزیکترین بنکەی پۆلیس ئاگادار بکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP