دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دارایی داوا لە هاوپەیمانان دەکات پشتیوان ببن بۆ جێگیرکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027

هەرێم نیوز

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا داوای پشتیوانیی وڵاتانی هاوپەیمانی کرد بۆ جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027ی عێراقدا.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی 9ـی 2026، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی بەریتانیا ڕایگەیاند، چەند مانگێکە سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ دیاریکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ی عێراقدا، لەسەر بنەمای دەستوور و بەپێی دوایین داتاکانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، زامنکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران لە پێشینەی کارەکانیاندایە و دەیانەوێت حکومەتی فیدراڵ هەمان مامەڵەی مووچەخۆرانی عێراق لەگەڵ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستاندا بکات و مووچەی هەرێمی کوردستان لە خەرجیی کرداری (الانفاق الفعلي) دەربهێندرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی ڕایگەیاند، لەسەر جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا گەیشتوونەتە ڕێککەوتن تاوەکو لە نزیکترین کاتدا لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

 بەمەش چاوەڕوان دەکرێت ئاستەنگەکانی بەردەم بازرگانان، وەک لابردنی بازگەکان، پێدانی دۆلار بەنرخی بانکی ناوەندی و چارەسەری کێشەی باج هەڵبگیرێن.

لە کۆتاییدا وەزیری دارایی جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی فراکسیۆنە کوردییەکان کردەوە و داوای لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا و نوێنەری وڵاتانی هاوپەیمان کرد هاوکار و پشتیوان بن بۆ جێگیرکردنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی 2027دا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP