دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی زەیدی: هه‌رێمی كوردستان به‌شێكی سه‌ره‌كی ده‌وڵه‌تی عێراق و به‌پێی ده‌ستورو یاسا شایسته‌ی خۆی هه‌یه‌

هەرێم نیوز

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، تیشکی خستە سەر چەندین پرسی گرنگی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، و جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە عێراق و بەپێی دەستوور و یاسا شایستەی مافەکانی خۆیەتی.

ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئەیلوولی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ بەرلین، لەگەڵ فریدریش مێرتس، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشی ئەنجام دا. 

زەیدی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و بەرلینی بە "ناوازە" وەسف کرد و ڕایگەیاند کە عێراق وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو سەیری ئەڵمانیا دەکات.

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی خاوەنی سەرچاوەیەکی زۆری سروشتییە، بەڵام بۆ بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی ئەو سەرچاوانە پێویستی بە ئەزموون و شارەزایی ئەڵمانیایە، بۆ ئەو مەبەستەش پێشوازی لە کارکردنی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە ناوخۆی عێراقدا دەکات. 

سەبارەت بە پرسی نەوتیش، زەیدی ئاشکرای کرد کە دیدی عێراق فراوانکردنی سەرچاوە و ڕێڕەوەکانی هەناردەکردنی نەوتە، و وڵاتەکەی ناتوانێت بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی وەک "بارمتە"ـی تەنیا یەک خاڵی هەناردەکردن بمێنێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی زەیدی دووپاتی کردەوە کە عێراق بەتەواوی دوورە لە سیاسەتی شەڕانگێزی و ئەڵمانیاش وەک خاڵی کۆبوونەوە و چارەسەری ناکۆکییە جیهانییەکان دەبینێت.

 سەبارەت بەو هێرشەی کرایە سەر عەرەبستانی سعوودیە، زەیدی ئاشکرای کرد کە لێکۆڵینەوەکان لەسەر بەئامانجگرتنی سعوودیە بەردەوامن و لە ئێستادا ئەنجامەکان شیکارییان بۆ دەکرێت. 

هەروەها سەبارەت بە کەیسی زیندانیانی ئەڵمانی لە عێراقیش، جەختی لەوە کردەوە کە ئەوە پرسێکی یاساییە و بڕیارێکی پاکی دادوەرییە.

لە کۆتایی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵوێستی حکوومەتەکەی سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و بە ڕوونی ڕایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکییە لە دەوڵەتی عێراق و بەپێی دەستوور و یاسا شایستەی مافەکانی خۆیەتی."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP