دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

لە چاکسازیەکانی کوردستان ٥٣٨ کەس سزای لەسێدارەیان ھەیە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دوا ئاماری سزادراوانی ناوەندەکانی چاکسازی و ڕێژەی سزادراوانی ماددە هۆشبەرەکانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ هەینی، 11ـی 9ـی 2026، ئیحسان عەبدولڕەحمان بابان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ئێستادا شەش هەزار و 412 سزادراو لە ناوەندەکانی چاکسازیی هەرێمی کوردستاندا دەستبەسەرن، کە لەو ژمارەیە دوو هەزار کەسیان بەهۆی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزادراون.

ئاماژەی بەوەش کردووە، 538 سزادراو بڕیاری لەسێدارەدانیان بەسەردا دراوە، بەڵام بەهۆی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە داواکاریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان، سزاکەیان بەسەردا جێبەجێ نەکراوە.

لەبارەی ڕەخساندنی دەرفەتی کار لە ناو چاکسازییەکاندا، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای کرد، لە ناو ناوەندەکانی چاکسازیی خۆیاندا دەرفەتی کار لە بوارەکانی جلشۆرین، فڕن و نانەواخانە، چێشتخانە، پاککردنەوە و کشتوکاڵ بەردەستە. 

ساڵی ڕابردوو 599 دەرفەتی کاریان بۆ سزادراوان ڕەخساندبوو، بۆ ئەمساڵیش بەرنامەرێژییان کردووە تاوەکو بەراورد بە ڕابردوو ڕێژەکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP