دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سیپان شێروانی وردەکاریی نووسراوی سامانە سروشتییەکان بۆ پەرلەمان لەبارەی بەنزینی ٤٥٠ دیناری بڵاودەکاتەوە

هەرێم نیوز

سیپان شێروانی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کرد، دوای کۆبوونەوەی ٢٦ و ٢٧ی مانگی ڕابردووی لیژنەکەیان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و داواکردنی پێشنیاری فەرمی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی داواکاری و پێشنیارەکانی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەنزین و سووتەمەنی ڕادەستی پەرلەمان کردووە.

پێشنیارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
بەپێی وتەکانی سیپان شێروانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ دابینکردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری و سووتەمەنییەکانی دیکە بە بڕ و نرخی هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دوو پێشنیاری خستووەتەڕوو:

پێشنیاری یەکەم: دابینکردنی ڕێژەی ١٤٪ لە نەوتی خاوی تەرخانکراو بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان، کە دەکاتە ١٤٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە.
پێشنیاری دووەم: دابینکردنی ١٤٪ی تەواوی بەنزین و سووتەمەنییەکانی دیکەی عێراق بۆ هەرێم، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان ئامادەیە ڕادەستکردنی ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە وەزارەتی نەوتی عێراق جێبەجێ بکات.

شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم نووسراوە فەرمییە هەموو ئەو دەنگۆیانەی یەکلا کردەوە کە دەیانوت هەرێم ئامادە نییە ٥٠ هەزار بەرمیلەکە ڕادەست بکات، و سەلماندی کە هەرێم بە فەرمی لاری نەبوونی خۆی لەسەر ئەو بابەتە دەربڕیوە لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی پێداویستییە سووتەمەنییەکانی.

هەڵوێستی وەزارەتی نەوتی عێراق و تۆماری دەنگیی وەزیر
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و گاز ڕوونیشی کردەوە تاوەکو ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق بە نووسراوی فەرمی هیچ پێشنیارێکی نەداوەتە پەرلەمان و چاوەڕێی وەڵامیان دەکەن. هاوکات باسی لەوە کرد لە مێوانداریی ڕۆژی ٢٦ی ئابدا، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا ناتوانێت بەرهەمی نەوتی بۆ هەرێم دابین بکات، و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڵگەی دەنگیی ئەو لێدوانەی وەزیریان لەلایە.

شێروانی جەختی کردەوە لە ئێستادا گرنگترین هەنگاو خەباتکردنە بۆ دابینکردنی بەنزینی ٤٥٠ دیناری و نەوتی هەرزان بە بڕ و نرخی دادپەروەرانە بۆ هاووڵاتییانی هەرێم.

داواکاری لە نوێنەرانی کورد
لە کۆتاییدا سیپان شێروانی داوای لە نوێنەرانی کورد لە بەغدا کرد یەکدەنگ بن و پێکەوە شەڕی مافی شایستەی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەنزین، نەوتی سپی و گازوایل بکەن. ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەمڕۆ کێشەی بەنزینە و بەیانی لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان کێشەی نەوتی سپییە، بۆیە پێویستە وەزارەتی نەوتی عێراق ناچار بکرێت هەمان ڕێکار و نرخی ناوەڕاست و باشوور بەپێی ڕێژەی دانیشتووان بۆ هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکات، چونکە ئەمە مافێکی دەستووری و یاسایی خەڵکی هەرێمی کوردستانە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP