هەرێم نیوز
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی باڵای ئەمنی لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 6ـی 9ـی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە ڕای گەیاند، بە مەبەستی زیاتر پتەوکردن و بەرەوپێشبردنی هاوکاری و هەماهەنگییەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، کۆبوونەوەی باڵای ئەمنیی نێوان هەردوولا بەڕێوە چوو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی تایبەتی سەربازیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری عێراق، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، بەرپرسی هەواڵگریی وەزارەتی ناوخۆی عێراق و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پاراستنی ئاسایشی ناوچە جێبایەخە هاوبەشەکان کرا کە لە ڕێگەی لیوا هاوبەشەکانەوە دەپارێزرێن، و دووپات لە هاوکاریی زیاتر کرایەوە تاوەکو بە شێوازێکی تۆکمەتر ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بكرێن و ئاسایشیان بپارێزرێت.