دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

قالیباف: سەردەمی وەڵامدانەوەی گونجاو و هاوشێوە کۆتایی هاتووە و ڕێسای یارییەکە گۆڕاوە

هەرێم نیوز

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە وتارێکدا لەناو پەرلەمانی وڵاتەکەی هۆشدارییەکی توندی دایە ئیدارەی ئەمریکا و ڕایگەیاند، سەردەمی وەڵامدانەوەی گونجاو و هاوشێوە کۆتایی هاتووە و شێوازی بەرەنگاربوونەوەیان گۆڕانکاریی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوە.

شەڕی تەواوەتی و وەڵامدانی خێراتر
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئاماژەی بەوە کرد وڵاتەکەی لە شەڕێکی تەواوەتی لەگەڵ "بەرەی کوفر"دایە و جەختی کردەوە، هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا گورزی قورسیان وەشاندووە و سەرکردەکانی واشنتنی خستووەتە دۆخێکی نائومێدییەوە، بە جۆرێک پەنایان بردووەتە بەر بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد بۆ دروستکردنی وێنە و ڤیدیۆی ساختە لە مەیدانی جەنگدا.

هێرشەکانی پێشوو تەنیا دەستپێک بوون
قالیباف جەختی لەوەش کردەوە، هێرشەکانی پێشوویان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا تەنیا دەستپێک بووە و هۆشداریی دا کە لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ئێران، ڕووبەڕووی وەڵامێکی زۆر خێراتر، قورستر و بەئازارتر دەبێتەوە.

ئەم لێدوانە توندانەی سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەکەدا گەیشتوونەتە قۆناغێکی بەرز و مەترسییەکانی فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان ڕوویان لە زیادبوون کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP