دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل مەرجی کشانەوەی هێزەکانیان لە باشووری لوبنان ئاشکرا دەکات

هەرێم نیوز

ییسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا مەرجی کشانەوەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلی لە باشووری لوبنان ڕاگەیاند و جەختی کردەوە تا ئەو کاتەی حزبوڵڵا بە تەواوی چەک نەکرێت، هیچ کشانەوەیەک لەو "ناوچە ئەمنییە"ی لە ناو خاکی لوبناندا دیاری کراوە ئەنجام نادرێت.

پێشڕەویی سەربازی و کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی عەلی ئەلتەهیر
ئەم لێدوانەی کاتس هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی پێشڕەوییە سەربازییەکانی سوپای ئیسرائیل، کاتێک ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی "عەلی ئەلتەهیر" هەنگاوێکە بۆ بەهێزکردن و چەسپاندنی دەسەڵاتی ئەمنی لە باشووری لوبناندا.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕوونی کردەوە، پێشڕەویی هێزەکانیان بۆ ئەو بەرزاییە دوای دەستکەوتنی زانیاریی هەواڵگریی ورد هاتووە لەبارەی بوونی تونێلی فەرماندەییی سەربازی لەو ناوچەیەدا.

بەردەوامیی ئاڵۆزییە مەیدانییەکان و دروستکردنی ناوچەی ئەمنی
سەبارەت بە دواین ئاڵۆزییە مەیدانییەکان، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییە نوێیەکانیان بۆ سەر باشووری لوبنان لە وەڵامی هەڵدانی دوو درۆنی حزبوڵڵادا بووە بەرەو پێگەی هێزەکانیان لە ناوچە ئەمنییەکە. هاوکات سوپای ئیسرائیل هۆشداریی داوەتە دانیشتووانی چەند باڵەخانەیەک لە شارۆچکەی عەرەبسالیم تا دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکان.

لە ئێستادا بەشێکی بەرفراوان لە خاکی باشووری لوبنان لەژێر کۆنترۆڵی سەربازیی ئیسرائیلدایە، بە جۆرێک تەلئەڤیڤ بە درێژایی سنوورەکانی "ناوچەیەکی ئەمنی" بە قووڵایی ١٠ کیلۆمەتر لە ناو خاکی لوبناندا دروست کردووە و لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامە لە ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و تەقاندنەوەی باڵەخانەکان لەو ناوچانەدا.





Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP