دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

بزووتنەوەی گۆڕان کۆنگرەیەکی نائاسایی دەبەستێت و چارەنووسی پۆستی ڕێکخەری گشتی یەکلایی دەکاتەوە

هەرێم نیوز

ئەمڕۆ شەممە، ٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بزووتنەوەی گۆڕان لە هۆڵی کوردساتی شاری سلێمانی و بە چاودێریی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆنگرەیەکی نائاسایی دەبەستێت، کە تێیدا چارەنووسی پۆستی ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە یەکلایی دەکرێتەوە.

ئامانج و ڕێکارەکانی کۆنگرەکە
بەپێی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن، دەبێت لانیکەم ٢٥١ ئەندام لە کۆنگرەکەدا ئامادە بن و بەپێی دوو هەنگاوی سەرەکی بەڕێوە دەچێت:
•هەنگاوی یەکەم: دەنگدان لەسەر بەئەندامبوونی دانا ئەحمەد مەجید لە دەستەی گشتیی بزووتنەوەکەدا.
•هەنگاوی دووەم: هەڵبژاردنی دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان بە دەنگی زۆرینەی ئامادەبووان.

پاشخانی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی گۆڕان
لە ماوەی ڕابردوودا بزووتنەوەی گۆڕان تووشی قەیرانێکی ناوخۆیی قووڵ بووەتەوە و دابەش بووە بەسەر دوو باڵدا (باڵی گردی زەرگەتە و باڵی کوردسات).
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا و لە کۆنفرانسێکدا دانا ئەحمەد مەجید وەک ڕێکخەری گشتی هەڵبژێردرا، بەڵام باڵی گردی زەرگەتە لای کۆمیسیۆن سکاڵایان تۆمار کرد بەپاساوی ئەوەی ناوی ناوبراو لە دەستەی گشتیدا نەبووە.

لە بەرامبەردا، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەستنی ئەم کۆنگرە نائاساییەی وەک مەرجی یاسایی بۆ جێگیرکردنی ناوی دانا ئەحمەد مەجید لە دەستەی گشتی و دواتر هەڵبژاردنی وەک ڕێکخەری گشتی دیاری کرد، سەرەڕای ئەوەی باڵی گردی زەرگەتە تاوەکو ئێستاش نوسراوە نوێیەکەی کۆمیسیۆن بە نایاسایی دەزانن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP