هەرێم نیوز
حکوومەتی عێراق لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینەی دارایی قەرز لە چەند بانکێکی ئەمریکی وەربگرێت لەبری ئەوەی پەنا بباتە بەر چاپکردنی دراو، لە هەمان کاتدا پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانی گەیشتنی پڕۆژەیاسای قەرزکردنە بۆ پەسەندکردنی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی 8ـی 2026، وەزارەتەکانی دارایی و دەرەوەی عێراق سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازێکن بۆ وەرگرتنی قەرز لە چەند بانکێکی فەرمیی ئەمریکی.
لەم بارەیەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، حکوومەت بەنیازە لە ڕێگەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراقەوە لە بازاڕە جیهانییەکاندا ئەو قەرزانە بداتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە وەک چارەسەرێکی خێرا و لۆژیکی دەبینرێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نەختینە لە وڵاتدا، بەبێ ئەوەی حکوومەت پەنا بۆ چاپکردنی دراوی ناوخۆیی ببات.
لە لایەکی دیکەوە، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجوومەنی نوێنەران چاوەڕێی ئەوە دەکات حکوومەت بە فەرمی ڕەشنووسی یاسای قەرزکردن ڕەوانەی پەرلەمان بکات.
پەنابردن بۆ یاسای قەرزکردن وەک ڕێکارێکی کاتی دادەنرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی نەبوونی یاسای بودجەی فیدراڵی، تاوەکو حکوومەت بتوانێت خەرجییە پێویستەکانی دابین بکات و ڕێگری لە دروستبوونی کورتهێنانی دارایی بکات.