دواین هەواڵ

کوردستان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

فەرماندەکانی ئەمریکا: توانای بەردەوامبوونمان لە جەنگی ئێراندا نەماوە

هەرێم نیوز


ڕۆژنامەی «واشنتن پۆست»ی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا هۆشداریی توندیان داوەتە پێت هێگسێت، وەزیری جەنگ سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەنجامدانی ئۆپەرسیۆنی بەرفراوان دژی ئێران.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی 8ـی 2026، ڕۆژنامەی «واشنتن پۆست» لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، بەشێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا هۆشدارییان داوەتە پێت هێگسێت، وەزیری جەنگ، کە ناکرێت ئۆپەرسیۆنی بەرفراوان دژ بە ئێران بەردەوامی پێ بدرێت؛ چونکە ئەم کارە دەبێتە مایەی لاوازکردنی توانای بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهان و لەوانەش لە ناو خاکی ئەمریکادا.
 
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکە، ئەم هۆشدارییە لە لایەن فەرماندەکانی هێزی وشکانی، هێزی دەریایی، هێزی ئاسمانی و هەروەها فەرماندە باڵاکانی سەرپەرشتیاری ئۆپەرسیۆنەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا، ئاسیا و ئەمریکای لاتین بۆ وەزیری جەنگ ڕوون کراوەتەوە.
 
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم هۆشدارییە لە بەڵگەنامەی دوو هەفتەی ڕابردووی «پەڕتووکی فەرمانەکانی وەزیری جەنگ»دا تۆمار کراوە و بۆ یەکەم جارە ئاشکرا دەکرێت. 
 
ئەم بەڵگەنامەیە ئاسایی مانگی دوو جار ئامادە دەکرێت و دۆخی ئامادەیی و بەردەستبوونی کەشتییە جەنگییەکان، فڕۆکەکان، هێزی مرۆیی و سیستەمە چەکدارییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە ڕوو، کە ئاراستەی ئەولەوییەتەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هێزە سەربازییەکان و ڕێنمایییەکانی پێنتاگۆن دیاری دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP