هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکیی تاوانەکەی گەڕەکی ٩٩ی زانکۆی لە ماوەیەکی کورتدا ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی 8ـی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گەڕەکی ٩٩ی زانکۆ لە شاری هەولێر، هاووڵاتییەک بە دەمانچە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی خەزووری و دەستڕێژی گووللەی لێ کردوون.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئاکامی دەستڕێژەکەدا خوشکی هاوسەری تۆمەتبار دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، هاوکات خەزوور و هاوسەرەکەشی بریندار بوون.
بەپێی ڕوونکردنەوەکە، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دوای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان، توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتباری سەرەکی دەستگیر بکەن. پۆلیس جەختیشی کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ڕێکاری یاسایی لە دژی تۆمەتبارەکە دەگیرێتە بەر.