هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایدەگەیەنێت، نەوتی ڤەنزوێلا بۆ پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی نیشتمانیی وڵاتەکەی بەکاردەهێنێت و ڕەخنەی توندیش لە ئیدارەی پێشوو دەگرێت سەبارەت بە بەتاڵکردنەوەی ئەو یەدەگە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی 8ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند، یەکێک لەو کارانەی کە پلانی بۆ داناوە بەکارهێنانی نەوتی ڤەنزوێلایە بۆ پڕکردنەوەی یەدەگی ستراتیژیی نیشتمانیی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو یەدەگە نەوتییە بەهۆی بڕیار و هەنگاوەکانی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە، نزیکە لەوەی بەتەواوی بەتاڵ بێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی پڕکردنەوەی خەزێنەی نەوتی ئەمریکا بۆ ئاستی پێویستی خۆی زۆر بەزوویی دەست پێدەکات و ئەو نەوتەی ڤەنزوێلاش وەک دیارییەک دەبێت بۆ گەلی ئەمریکا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئیدارەی پێشووی جۆ بایدن لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە یەدەگی ستراتیژیی نەوتی ئەمریکای خستە بازاڕەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بکات لە بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی وڵاتدا، کە ئەمەش بەردەوام ڕەخنەی توندی کۆمارییەکانی لێ دەکەوتەوە.