دواین هەواڵ

جیهان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

داڕمانی بێپێشینەی تمەنی ئێرانی؛ مووچەی مانگانەی مامۆستایەک بۆ 120 دۆلار دابەزیوە

هەرێم نیوز

بەهای تمەنی ئێرانی بەرامبەر دۆلاری ئەمەریکی نزمترین ئاستی مێژوویی تۆمار کرد و گەیشتە ٢٠٨ هەزار تمەن، ئەمەش فشارێکی دارایی زۆری لەسەر گوزەران و هێزی کڕینی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دروست کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی 8ـی 2026، نرخی دراوی ئێرانی تا دێت ڕووی لە دابەزینە و بەهای یەک دۆلاری ئەمەریکی لە بازاڕەکانی ئێراندا گەیشتە 208 هەزار تمەن.

بەپێی بەراوردکارییە ئابوورییەکان، مووچەی مامۆستایەک لە ئێران لەمساڵدا نزیکەی 25 بۆ 29 ملیۆن تمەنە، کە بە نرخی ئێستای دۆلار دەکاتە نزیکەی 120 بۆ 140 دۆلاری مانگانە، ئەمەش قەبارەی ڕاستەقینەی داڕمانی هێزی کڕینی هاووڵاتییان دەردەخات.

لەلایەکی دیکەوە، نرخی یەک پاوەندی بەریتانی لە بازاڕی ئێراندا گەیشتووەتە نزیکەی 280 هەزار تمەن. لەم بارەیەوە مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند، پێشبینی دەکات نرخەکان لەوە زیاتریش بەرزتر ببنەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دابەزینی بەهای تمەن بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاو لە تێچووی کاڵا هاوردەکراوەکان و خزمەتگوزارییەکان، لەکاتێکدا مووچەی هاووڵاتییان بەو ڕێژەیە زیاد ناکات.

ئەم دابەزینە دووبارەیەی بەهای دراوی ئێرانی دوای دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی گۆشەگیرکردنی ئابووریی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دێت، کە لە دووشەممەی هەفتەی ڕابردووەوە بە مەبەستی بڕینی سەرچاوەکانی داهاتی تاران دەستی پێکردووە و بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم شەپۆلە نوێیەی قەیرانی دارایی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP