دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

سوپاسالاری ئیسرائیل و فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی یۆنان کۆبوونەوە

هەرێم نیوز

لە سایەی هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان تەلئەبیب و ئەنقەرە، سوپاسالاری ئیسرائیل لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی یۆنان لە ئیسرائیل کۆبووەوە و تیایدا جەخت لە گرنگیی ستراتیژیی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات کرایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی 8ـی 2026، ڕۆژنامەی تایمز ئۆڤ ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە سایەی هەڵکشانی گرژییەکانی لەگەڵ تورکیا، سوپای ئیسرائیل و یۆنان، ئەیال زامیر، سوپاسالاری ئیسرائیل لەگەڵ دیمیتریۆس چوپیس، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی یۆنان کە بە سەردانێکی فەرمی لە ئیسرائیلە، کۆبووەتەوە.

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، سەردانەکەی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی یۆنان، گرنگیی ستراتیژی و گونجاویی ئەو پەیوەندییە سەربازییە دەردەخات کە لە نێوان ئیسرائیل و یۆناندا هەیە.

ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئەم پەیوەندییە بەردەوام هاندەر بووە بۆ هاوبەشییەکی درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵاتدا. هاوکات نە سوپای ئیسرائیل و نە یۆنان کاتی دروستی کۆبوونەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ئیسرائیل پشتڕاستی کردەوە، کە لە پشت هێرشە ئاسمانییەکانی سەر فڕۆکەخانەیەکی سەربازیی سووریاوە بووە. 

بەپێی وتەی ئیسرائیل، تورکیا پلانی هەبووە هێزەکانی لەو فڕۆکەخانەیەدا جێگیر بکات، ئەمەش گرژییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە زیاتر کردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئیسرائیل هەوڵ دەدات ڕێگری لە جێگیربوون و فراوانبوونی هەژموونی تورکیا لە سووریا بکات، و لە ڕابردوودا چەند هێرشێکی ئەنجامداوە بۆ ڕێگریکردن لە هاوکارییەکانی تورکیا بۆ بونیادنانی هێزی ئاسمانیی حکومەتی نوێی سووریا.

لە لایەکی دیکەشەوە، یۆنان و تورکیا ڕکابەرییەکی مێژوویی سەربازی و دیپلۆماسییان هەیە، و زۆرجار تەلئەبیب لە کاتی تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەنقەرە، زیاتر لە ئەسینا نزیک دەبێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP