هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا پاساوەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی سەر خاکی سووریا ڕەت دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەنقەرە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە تێکدانی سەقامگیریی سووریا نادات.
ڕەتکردنەوەی پاساوەکانی ئیسرائیل
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بانگەشە بێ بنەماکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تەنیا ئامانجی پاساوهێنانەوەیە بۆ هێرشە ئاسمانییە نایاساییەکانی کە سەروەریی سووریای کردووەتە ئامانج. لە بەیاننامەکەدا هاوکات پشتیوانیی ئەنقەرە بۆ چەسپاندنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا دووپات کراوەتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، تورکیا بەردەوام دەبێت لە هاوکارییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا بۆ بەرەوپێشبردنی ئاسایش، سەقامگیری و خۆشگوزەرانی، جەختیشی کردەوە کە ئەنقەرە هرگیز ڕێگە بە ناسەقامگیرکردنی سووریا نادات.
پاشخانی ئاڵۆزییەکان
ئەم بەیاننامەیەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دوای ئەوە دێت کە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، ئیسرائیل و سووریا گەیشتبوونە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی، بەڵام دیمەشق هەوڵی شکاندنی ئەو لێکتێگەیشتنەی داوە بەوەی ڕێگەی داوە بە بڵاوبوونەوە و جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا.