هەرێم نیوز
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا هۆشداری لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سووریا دەدات و ڕایدەگەیەنێت، واشنتن کار بۆ ڕێگری لە هەر پێکدادانێکی سەربازی لە نێوانیان دەکات.
هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ ڕێگری لە ئاڵۆزییە سەربازییەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بەچڕی کار دەکات بۆ دانانی میکانیزمێک بە مەبەستی ڕێگری لە پێکدادانی سەربازیی نێوان ئیسرائیل، تورکیا و سووریا، ئەوەش دوای بۆردومانکردنی بنکەیەکی ئاسمانیی سووریا لەلایەن ئیسرائیلەوە لە نزیک سنوورەکانی تورکیا.
ئاگادارنەکردنەوەی ئەنقەرە لە هێرشەکانی ئیسرائیل
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کە هاوكات باڵێۆزی وڵاتەکەیەتی لە تورکیا، ئاشکرای کرد کە ئەنقەرە پێشوەختە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاک و بنکە سەربازییەکانی سووریا ئاگادار نەکراوەتەوە.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا جووڵەی فڕۆکە جەنگییەکانیان بەرەو سنوورەکانیان بینیوە و ئەگەری زۆر بووە وەڵامدانەوەی سەربازیی و ئاڵۆزیی زیاتری لێ بکەوێتەوە.