هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تاقیکردنەوەکان و ساڵنامەی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی کردووە، گۆڕانکاری لە خشتەی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی ڕاگەیاند.
بەگوێرەی نووسراوەکە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٩ی ٨ دەرچووە، بە بۆنەی پشووی فەرمیی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی٨ هیچ تاقیکردنەوەیەک لەو ڕۆژەدا ئەنجام نادرێت. پڕۆسەی تاقیکردنەوەکان بۆ سەرجەم بەشەکانی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی) لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان، بەم شێوەیەی خوارەوە گۆڕانکارییان تێدا کراوە:
ئەو بابەتانەی بڕیاربوو ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی ٨ تاقیکردنەوەیان تێدا بکرێت، دواخراون بۆ ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٧ی٨. هەوەها ئەو بابەتانەی بڕیاربوو ڕۆژی پێنجشەممە 2026/8/27 تاقیکردنەوەیان تێدا بکرێت، دواخراون بۆ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی٣٠ی٨ی ٢٠٢٦
ئەم بڕیارە بە مەبەستی ڕەچاوکردنی پشووی فەرمی و کارئاسانی بۆ قوتابیان و خوێندکارانی پۆلی ١٢ـی ئامادەیی دراوە و دوای پشووەکە تاقیکردنەوەکان بە هەمان ڕیزبەندی پێشوو بەردەوام دەبن.