هەرێم نیوز
وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر بە گوژمەی ٥٤٠ ملیۆن دینار بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی نوێی قیرتاوکردن و گەیاندنی خزمهتگوزارییان بۆ گەڕەک و ناوچە جیاجیاکانی پایتەخت دانرا.
دابینکردنی گوژمەی پڕۆژەکان و بەردی بناغە
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی گەیاندنی خزمەتگوزاری، لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی نوێی قیرتاوکردن و دروستکردنی شەقام دانرا.
ئەم پڕۆژانە بە گوژمەی ٥٤٠ ملیۆن دینار و لەسەر داهاتی ١٥٪ـی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ دەکرێن.
وردەکاریی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان
پڕۆژەکان چەندین کەرتی جیاواز دەگرنەوە، لە گەڕەکی سەربەخۆیی چەندین شەقام لە کەرتی ٣٠٠٠ (قۆناغی سێیەم) بە درێژایی دوو کیلۆمەتر دروست دەکرێن کە کارەکانی کردنەوەی ڕێگە، تێکەڵەڕێژکردن و قالبی شۆستە لەخۆ دەگرێت.
هەروەها لە پیشەسازیی باشوور، کارەکانی قیرتاوکردنی هەشت شەقامی سەرەکی و لاوەکی بە ڕووبەری ١٤ هزار و ٥٠٠ مەتری چوارگۆشە بە خێرایی ئەنجام دەدرێن.
هاوکات لە گەڕەکی ڕۆشنبیری (قەرەبووی ٥ـی حەسارۆک) دانانی سەرەبلۆک، دیاریکردن و کردنەوەی شەقامەکان بە قەبارەی ١٨ هزار مەتری سێجا بەڕێوە دەچێت. لە گوندی تۆبزاوەی ئەحمەدیش شەقامێک بە درێژایی ١.٥ کیلۆمەتر بە سەرجەم قۆناغەکانی تێکەڵەڕێژ و شۆستەوە دروست دەکرێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی تۆڕی نوێی ئاوەڕۆ بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاوی باران.
لە کاتی دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەکاندا، پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەڵمەتانە بەردەوام دەبن تاوەکو دەستی خزمەتگوزاری دەگاتە سەرجەم ئەو شوێنانەی پێویستییان بە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوە هەیە.