دواین هەواڵ

جیهان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

ناتانیاهۆ: ئاگاداری دیمەشقمان کردبووەوە ڕێگە بە ئامادەییی سەربازیی تورکیا نەدات

هەرێم نیوز

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایدەگەیەنێت، ئاگاداریی پێشوەختەیان داوەتە سووریا سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی هەر ئامادەیییەکی سەربازیی تورکیا لەو وڵاتە، بەڵام دیمەشق هۆشدارییەکەی پشتگوێ خستووە و ئیسرائیلیش ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی خۆی نادات.

هۆشدارییەکەی ئیسرائیل بۆ سووریا
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل و سووریا گەیشتبوونە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە دۆخی ئاسایشی ئێستا، بەڵام دیمەشق هەوڵی شکاندنی ئەو لێکتێگەیشتنەی داوە بەوەی ڕێگەی داوە بە بڵاوبوونەوە و جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە بنکەیەکی ئاسمانی لە نزیک حەلەب.

نووسینگەی ناتانیاهۆ جەختی کردەوە کە ئیسرائیل چەندین جار ئاگاداری سووریای کردووەتەوە لە ڕێگەدان بە ئامادەییی سەربازیی تورکیا، بەڵام دیمەشق ئەو ئاگادارکردنەوانەی پشتگوێ خستووە، بۆیە ئیسرائیل چاوپۆشی لە هیچ هەڕەشەیەک ناکات بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی.

پاشخانی هێرشەکە و زانیارییەکانی ئێزگەی سوپای ئیسرائیل
ئەم پەیامەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دوای ئەوە دێت، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانیی (ئەبو زوور) لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا و چەند پێگەیەکیان لەناو بنکەکەدا بۆردومان کرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێزگەی سوپای ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەیان چوار مووشەکی ئاراستەی ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە کردووە.

هێرشەکە دوای ئەوە هات کە شاندێکی سەربازیی تورکیا سەردانی فڕۆکەخانەکەی کردبوو و هێزەکانی تورکیا کەرەستەی لۆجیستی و سەربازیی وەک ڕادار، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، مووشەک و تەقەمەنییان بۆ ناو فڕۆکەخانەکە گواستبووەوە و سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی گۆڕەپان و کۆگاکانی سووتەمەنیی بنکەکە بوون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP