دواین هەواڵ

جیهان‌

 18 کاتژمێر پێش ئێستا

هەمووشتێک دەربارەی یارییە چارەنوسسازەکەی نامۆ فازیل

هەرێم نیوز

بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە، نامۆ فازڵ یاریزانی زۆرانبازیی ئازاد، یارییەکی گرنگ لە چوارچێوەی زنجیرەی کاندیدەکانی دانا وایت (Dana White's Contender Series) ئەنجام دەدات.

یارییەکەی نامۆ فازڵ بەرامبەر یاریزانی بەڕازیلی کایک بریتۆ دەبێت، بریتۆ خاوەنی ١٩ بردنەوە و شەش دۆڕانە، لە بەرامبەردا نامۆ فازڵ خاوەنی ١٠ بردنەوە و یەک دۆڕانە.

ئامارەکان دەریانخستووە، لە کۆی ١٩ یاریی براوەی یاریزانە بەڕازیلییەکە، ١٣ یارییان لە ڕاوندی یەکەمدا کۆتایی پێ هاتوون، لە کاتێکدا نامۆ فازڵ لە زۆربەی یارییەکانیدا لە ڕاوندی یەکەم براوەبووە یان بەرامبەرەکەی ماندوو کردووە بۆ ڕاوندی دووەم.

 یارییەکە کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی سبەی چوارشەممە بە کاتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات.

نامۆ فازڵ توانیویەتی بگاتە ئاستێکی باڵای جیهانی لە ڕێکخراوی دانا وایت و سەرنجی وەرزش دۆستانی بۆ یارییەکەی بەرەبەیانی چوارشەممە ڕاکێشاوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی 8ـی 2026، لە ئامادەکارییەکان بۆ یارییە چاوەڕوانکراوەکە، هیوایەکی زۆر لەسەر بەدەستهێنانی سەرکەوتنی نامۆ فازڵ هەیە، کە لە کێبڕکێیەکی گرنگی جیهانیدا بەشداری دەکات.

چاوەڕوان دەکرێت یارییەکەی بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ببێتە یەکێک لە ڕووبەڕووبوونەوە بەهێزەکان، کە تێیدا نامۆ فازڵ هیواداری بەدەستهێنانی سەرکەوتن و گەیشتنە بە قۆناغێکی باڵاتر.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP