دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕووسیا هەڕەشە لە ئەورووپا دەکات

هەرێم نیوز

ئاڵۆزییەکانی نێوان موسکۆ و یەکێتیی ئەورووپا پێیان ناوەتە قۆناغێکی نادیار و مەترسیدارەوە، دوای ئەوەی برۆکسل زنجیرەیەک بڕیاری توندی بۆ بەئامانجگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ڕووسیا دەرکرد—کە بە بەشێک لە "ئەستۆڵی سێبەر"ی موسکۆ ناویان دەبات—و بەرزبوونەوەی تۆنی هەڕەشەکانی ڕووسیاش زەنگی هۆشداریی لە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەورووپادا لێداوە. سێرگی لافرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە پەیامێکی زۆر ڕاشکاودا هەنگاوەکانی یەکێتیی ئەورووپای بە "ڕێڕەوێکی بێباکانە و زۆر مەترسیدار" وەسف کرد و دەستبەسەرداگرتن و بەئامانجگرتنی کەشتییە ڕووسییەکانی لەلایەن وڵاتانی ئەورووپاوە بە "کردەوەی تاڵانکاری و جەردەیی دەریایی" ناوبرد، هاوکات جەختی کردەوە کە کۆماری فیدراڵی ڕووسیا بەرامبەر ئەم ڕەفتارانە بێدەنگ نابێت.

جێی سەرنج و نیگەرانیی ناوەندە ئاسایشییەکان، ستراتیژیی وەڵامدانەوەی موسکۆیە؛ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند "ئێمە ئامانجەکانمان بە ویستی خۆمان دیاری دەکەین" و ئاماژەی بەوەش کرد کە وەڵامی وڵاتەکەی بە پێویستی لە ناوچەی پەیوەندیداری دەریاییدا کورت نابێتەوە، ئەمەش وەک هۆشدارییەک دەبینرێت بۆ کردەوەی توند و ناهاوتەریب لە ڕووبەر و کەرتی جیاوازدا. لەکاتێکدا ناوچەکە بە دەست لێکەوتەکانی جەنگی سزاکان و ڕاوەدوونانی دەریاییەوە دە نڵێنێت.

ئەم پەیامە توندەی ڕووسیا ئاسۆی ململانێکان لێڵتر دەکات؛ شیکەرەوان دەپرسن: ئایا ئەم کێشمەکێشە دەریاییە سەر دەکێشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە نێوان ڕووسیا و هاوپەیمانیی ئەورووپادا؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP